سه‌رچاوه‌یه‌كی دادوه‌ری چاره‌نووسی منداڵه‌كانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ئاشكرا ده‌كات


وێستگه‌نیوزـ

دوای ئه‌وه‌ی دادگای تاوانه‌كانی كه‌رخ، رۆژی چوارشه‌ممه‌ 10ی ته‌موزی 2024، بڕیاری له‌سێداره‌دانی بۆ هاوسه‌ر‌ی سه‌ركرده‌ كوژراوه‌كه‌ی داعش ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ده‌ركرد، سه‌رچاوه‌یه‌كی دادوه‌ری چاره‌نووسی ئه‌ندامانی دیكه‌ی خێزانه‌كه‌ی به‌غدادی بۆ عه‌ره‌بییه‌ نێت و ئه‌لحه‌ده‌س ئاشكرا كردووه‌.

ئه‌و سه‌رچاوه‌ دادوه‌رییه‌ روونی كردووه‌ته‌وه‌‌ سێ له‌ منداڵه‌كانی به‌غدادی كه‌ بریتین له‌ (عه‌بدوڵڵا، حسێن، فاتیمه‌) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هێشتا منداڵن، گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ خانه‌ی چاودێری و ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌سوكاری ئه‌و منداڵانه‌، ده‌توانن په‌یوه‌ندی به‌ خانه‌كه‌وه‌ بكه‌‌ن و منداڵه‌كان وه‌ربگرنه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان هێشتا ته‌مه‌نی یاساییان ته‌واو نه‌كردووه‌، به‌ڵام تا ئێستا كه‌س نه‌هاتووه‌ وه‌ریانبگرێته‌وه‌‌.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "كوڕه‌كه‌ی به‌غدادی محه‌ممه‌د و كچه‌كه‌ی به‌غدادی ئومه‌یه‌، ئه‌وانیش گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ خانه‌ی چاودێری، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی دایكیان به‌ بڕیاری دادگا، سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی بۆ ده‌ركراوه‌".

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌ش پشتڕاستده‌كاته‌وه‌ دادگا، بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ ئه‌سما هاوسه‌ری یه‌كه‌می به‌غداد ده‌ركردووه‌ و بڕیاری زیندانی هه‌تاهه‌تایی بۆ هاوسه‌ری سێیه‌می نور زه‌وبه‌عی ده‌ركردووه‌. هاوسه‌ری دووه‌می ژنێكی خه‌ڵكی شاری حه‌ڵه‌بی سوری بوو، له‌گه‌ڵ خودی به‌غدادی كوژرا.

هه‌موو ئه‌مانه‌ دوای ئه‌وه‌ هات، ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری له‌ عێراق رایگه‌یاند، دادگای تاوانه‌كانی كه‌رخ، به‌ تۆمه‌تی كاركردن له‌گه‌ڵ رێكخراوی داعش و ده‌ستگیركردنی ژنانی ئێزیدی له‌ ماڵه‌كه‌یدا، بڕیاری له‌ سێداره‌دانی بۆ ئه‌سمای هاوسه‌ری پێشووی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی ده‌ركرد.

سه‌نته‌ری راگه‌یاندنی ئه‌نجومه‌نی باڵای دادوه‌ری، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 11ی ته‌مموزی 2024، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند ئه‌سما "تیرۆریسته‌كه‌" له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ژنانی ئێزیدی ده‌ستبه‌سه‌ركردووه‌، ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن چه‌ته‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ قه‌زای شنگال له‌ خۆرئاوای پارێزگای نه‌ینه‌وا رفێنرابوون.

پێشتر له‌ 16ی شوباتی 2024، ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتیمانی عێراق، رایگه‌یاند: له‌ یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی دراوسێی عێراق، دوای گه‌یشتن به‌ ناسنامه‌كه‌یان و شوێنی خۆشاردنه‌وه‌یان، هاوسه‌ره‌كه‌ی سه‌رۆكی رێكخراوی داعش ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی و كچه‌كه‌ی ده‌ستگیركران.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌ ماوه‌ی رابردوو ڤیان ده‌خیل، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایگه‌یاند: هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی كه‌ ناوی ئه‌سما محه‌مه‌ده‌، وه‌ك مێرده‌كه‌ی به‌شداره‌ له‌ رفاندنی ژنانی ئێزیدی و له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا وتی هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی، كاری قێزه‌ونی ئه‌نجامداوه‌، له‌وانه‌ بازرگانیكردن به‌ مرۆڤ و ده‌ستدرێژی سێكسی بۆ سه‌ر كچانی ئێزیدی.

هه‌روه‌ها ده‌خیل ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی، كچه‌ بچوكه‌كانی ده‌هێنا بۆ مێرده‌كه‌ی، تا ده‌ستدرێژی سێكیسان بكاته‌سه‌ر، پاشان فرۆشتنیان به‌ ئه‌میر و چه‌كداره‌كانی دیكه‌ی رێكخراوه‌كه‌.

زۆرێك له‌ هاووڵاتیانی عێراقی، داوایان له‌ حكومه‌تی فیدراڵی كرد، به‌ گوێره‌ی یاسا، هاوسه‌ره‌كه‌ی به‌غدادی، به‌هۆی به‌شداریكردنی له‌ تاوانه‌كانی رێكخراوه‌كه‌دا، تووندترین سزا بدرێت، به‌ تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی له‌ چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بییه‌، هه‌مو ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ ئاراسته‌ی كرابوون.

هه‌موو ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ چاره‌نووسی منداڵه‌كانی به‌غدادی به‌ نادیاری ماونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نیان جارێ منداڵن، بۆیه‌ ئێستا له‌ خانه‌یه‌كی چاودێری حكومین و هیچ كه‌سێك له‌ خزمه‌كانیان نه‌هاتوون به‌ده‌میانه‌وه‌ تا وه‌ریانبگرنه‌وه‌.


PM:04:01:11/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 1144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت