وەزیری نەوتی عێراق: لە هەفتەیەکدا ڕێکارەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تەواو دەکرێن


وێستگەنیوز_

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هیچ کێشەیەک نەماوە و لە هەفتەیەکدا ڕێکارەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان تەواو دەکرێن. 

ئەمرۆ دووشەممە، 17ـی 2ـی 2025، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عیراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بەم زووانە شاندێکی وەزارەتی نەوتی بۆ تەواوکردنی ڕێکارەکانی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، سەردانی هەولێر دەکەن. 

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشبینی دەکەین لە ماوەی هەفتەیەکدا، ڕێکارەکانی هەناردەی نەوتی کوردستان تەواو ببن و پرۆسەکە دەست پێ بکاتەوە، ئێستە هیچ کێشەیەک لە بەردەم پرۆسەی دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت نەماوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمرۆ دووشەممە کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەترایگەیاند "ئێوارەی ئەمڕۆ، شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق دەگاتە هەولێر و سبەی سێشەممە، 18ـی 2ـی 2025، لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، لەگەڵیان کۆدەبینەوە."

ئاماژەی بەوەش کرد "لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق هەمواری یاسای بودجەی عێراقی پەسەند کردووە و بەم زووانە لە ڕۆژنامەی فەرمیی حکومەتی فیدراڵی (وەقائیع) بڵاو دەکرێتەوە؛ هیچ بەربەستێک لە بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتەکە نەماوە و ئێمە لە ڕووی تەکنیکییەوە ئامادەین."

هەروەهاپێشبینیش دەکات، "تاوەکو سەرەتای مانگی 3ـی ئەمساڵ، هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەست پێ بکات."

ڕۆژی یەکشەممەش، 2ـی شوباتی 2025، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگی ئەندامان، دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و ماددەی 12ـی تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دا.

وردەکاری هەموارەکە ئەم بڕگانە لەخۆ دەگرێت:

1- وەزارەتی دارایی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خەرجییە سەروەرییەکان بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە قەرەبوو بکاتەوە، بۆ ئەو بڕە نەوتەی لە هەرێم بەرهەم دێت کە لەلایەن کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)ەوە وەردەگیرێت، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە، بەمەرجێک تێچووی دادپەروەرانەی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ هەر کێڵگەیەک بە جیا حیسابی بۆ بکرێت، لەلایەن دەزگایەکی ڕاوێژکاریی تەکنیکیی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە، کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی  بە ڕێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە هەرێم دەستنیشانی دەکات، لە ماوەی (60) ڕۆژدا لە چوونە بواری جێبەجێکردنی ئەم یاسایەوە و لە ئەگەری ناکۆکی لە ماوەی ئەو ماوەیەی پێشوودا، ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵی ئەو دەستەی ڕاوێژکاریە  دیاری دەکات.

2- ئەو ڕاوێژکارییەی لە بڕگەی پێشوودا ئاماژەی پێ کراوە، تێچووی خەمڵێنراوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی پێشکەش بە وەزارەتەکانی نەوت و وەزارەتی دارایی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و بۆ مەبەستی ئەم یاسایە پەسەند دەکرێت و حیسابکردنی قەرەبووی پێشوو دەبێت لەسەر بنەمای تێچووی پێشوو بۆ هەر بەرمیلێک کەڕەتی ژمارەی بەرمیلەکانی وەرگیراو بەپێی بڕگەکانی (ئ) و (ب)، لەم بڕگەیە، و وەزارەتی دارایی فیدراڵی ئەو بڕە پارانە دەدات بە حکوومەتی هەرێم.

3- دەستبەجێ دەست بە گەیاندنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بەپێی بڕگەی (ئ) و (ب)ی ئەم بڕگەیە و، قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دەکرێتەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵی بەشێوەی سولفە بە تێکڕای (16) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە  دواتر چارەسەر دەكرێت دوای تەواوبونی كاری راوێژكاری تەكنیكی تایبەتمەند كە لەسەرەوە باس كراوە. 


PM:12:25:17/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 408 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت