شێخ جه‌عفه‌ر: دوای هه‌ڵبژاردن لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگەکان لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەین

‌جەعفەر شێخ مستەفا

وێستگه‌نیوزـ

لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی بە پێویستی دەزانێت، پارێزگاری نوێی کەرکوک بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەموو لایەنە سیاسییەکان دابنرێت، دەشڵێت، دوای هه‌ڵبژاردن لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگەکان لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەن. هاوکات بەرپرسی مەکتەبی سلێمانی و هەڵەبجەی رێکخستنی پارتی، دەڵێت، لەگەڵ یەکێتی بۆ دانانی پارێزگارێکی کوردی سەربەخۆ بۆ کەرکوک نەگەیشتنە ئەنجام.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ته‌مموزی 2024، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی سلێمانی و هەڵەبجەی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان کرد.

له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان، جەعفەر شێخ مستەفا، رایگه‌یاند: گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردی، عەرەبی و تورکمانەکانی شاری کەرکوک بە مەبەستی هەڵبژاردنی پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەن و پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی پارێزگاکە بەردەوامە.

وتیشی: "پارێزگاری کەرکوک بە حزبێک دانانرێت، شارەکە چەندین پێکهاتەی تیادایە و پێویستە هەمووان بەشداربن لە حوکمڕانی و بە لێکتێگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەکان، پارێزگارێک دابنرێت".

لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا باسی له‌وه‌كرد، كه‌ هەر چ کاتێک پێویست بکات، لەم ئاستە یان لە ئاستی باڵاتر کۆبوونەوە دەکەن.

لێپرسراوی ئەنجوومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی ڕوونی کردەوە، پەیوەندییان لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەکان باشە و هەر کاتێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، "لەسەر بنەمای ژمارەی دەنگەکان لێکتێگەیشتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکەین".

لای خۆیەوە، عەلی حوسێن، بەرپرسی مەکتەبی سلێمانی و هەڵەبجەی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکوک، وتی، "نە پارتی و نە یەکێتی بەبێ عەرەب و تورکمان ناتوانن پۆستی پارێزگار یەکلایی بکەنەوە".

لەبارەی هەڵبژاردنی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک، بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر لەگەڵ یەکێتی دانیشتین و گفتوگۆمان کرد بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کوردی نیشتمانپەروەریی سەربەخۆ کە گوزارشت لە کوردێکی رەسەنی کەرکوک بکات، بکەینە پارێزگار، بەڵام نەتوانرا بگەیەنە ئەنجام".

عەلی حوسێن  باسی له‌وه‌شکرد، "لە هەرێمی کوردستان حزبی جیا هەن و سیاسەتی جیاوازیشمان هەیە، بەڵام لە کاتە پێویستەکان، بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی کوردستان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کۆمان دەکەنەوە و هەر کاتێکیش پێویست بکات هیچ گرفتێک نییە بۆ ئەوەی پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا کۆ ببنەوە".


PM:12:09:24/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 804 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو