وه‌زیری شاره‌وانی زانیاری له‌سه‌ر واده‌ی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران ئاشكرا ده‌كات


وێستگه‌نیوز-

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا له‌م ساڵه‌دا، ڕێكاره‌كانی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا ته‌واو بكه‌ن و فه‌رمانبه‌ران به‌و مافه‌ی خۆیان بگه‌ن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ی‌ ته‌مموزی‌ 2024 ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی‌: "رێكاری یاسایی دابه‌شكردنی‌ زه‌وی و پارچه‌ زه‌ویی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی شاره‌وانییه‌كان كۆتایی هاتووه‌ و ئێستا له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندایه‌، ته‌نها كاروباریی یاسایی زه‌وییه‌كان ماوه‌".

وتیشی‌: "ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌ كاركردنێكی به‌رده‌وامدایه‌، بابه‌تی دۆزینه‌وه‌ و دیاریكردنی زه‌وییه‌كان له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی و به‌ڕێوه‌به‌رایتییه‌ گشتییه‌كانی شاره‌وانی له‌ سنووری ماسته‌ر پلان و ده‌ره‌وه‌ی ماسته‌رپلانی شاره‌كان ته‌واو بووه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئێستا له‌ ڕێكاریی جێبه‌جێكردنی كاروباری یاسایین به‌داواكردنی كوژاندنه‌وه‌ی ئه‌و زه‌ویانه‌ی پێویستن".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "دواتر بابه‌تی نه‌خشه‌دانان بۆ ئه‌و شوێنانه‌ دێته‌ پێش، بۆ ئه‌وه‌ش هه‌موو سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی شاره‌وانی، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان، وه‌زاره‌تی شاره‌وانی كار له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن.

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار راشیگه‌یاند كه‌ "ئومێد ده‌كه‌ین ئه‌و به‌ڵێنه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران به‌ فه‌رمانبه‌رانی كوردستانی داوه‌، بتوانین له‌كاتی دیاریكراوی خۆیدا له‌و ساڵه‌دا ڕێكاره‌كانی دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا ته‌واو بكه‌ین و فه‌رمانبه‌ران به‌و مافه‌ی خۆیان بگه‌ن".


PM:11:31:22/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 3336 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو