شاره‌زایه‌كی‌ ئه‌منی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌عره‌جی بۆ سلێمانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ له‌شكركێشی توركیاوه‌


وێستگه‌نیوز-
شاره‌زایه‌كی‌ ئه‌منی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی راوێژكاری ئاسایشی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ عێراق بۆ سلێمانی ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ له‌شكركێشی توركیاوه‌، ده‌شڵێت: "ئه‌وه‌ی حاڵی حازر توركیا ئه‌نجامی ده‌دات، ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی نییه‌، به‌ڵكو له‌شكركێشییه‌كی به‌رفراوانه‌".


ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 15ی ته‌موزی 2024، ئه‌حمه‌د به‌رسیم ئه‌لته‌میمی شاره‌زا له‌ كاروباری ئه‌منی، رایگه‌یاند كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی قاسم ئه‌عره‌جی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بۆ سلێمانی، په‌یوه‌سته‌ به‌ توركیاوه‌.

ئه‌حمه‌د به‌رسیم له‌ لێدوانێكیدا بۆ "به‌غداد ئه‌لیوم" باسی‌ له‌وه‌ كرد كه‌ "ئه‌وه‌ی حاڵی حازر توركیا له‌ ناوچه‌كانی زنجیره‌ چیای مه‌تین و ده‌وروبه‌ری ئامێدی و ناوچه‌كانی دیكه‌ی پارێزگای دهۆك ئه‌نجامی ده‌دات، ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی نییه‌ كه‌ ئامانجه‌كانی دیاریكراوبێت، به‌ڵكو له‌شكركێشییه‌كی به‌رفراوانه‌، تێیدا كۆنترۆڵی چه‌ندین ناوچه‌ی كردووه‌، هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆنترۆڵكردنه‌دا، سه‌نگه‌ر و خاڵی پشكنین و كۆنترۆڵكردنی داناوه‌ و به‌رده‌وام هێزی سه‌ربازی زیاتر دێنێته‌ ناوچه‌كه‌. ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی جه‌ماوه‌ریی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و بووه‌ته‌ هۆی شه‌رمه‌زاربوونی سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌ حكومییه‌كه‌، چونكه‌ هیچ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كیان نه‌بووه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی رووده‌دات، پاساوه‌كانی ئه‌نقه‌ره‌ هه‌رچییه‌ك بێت، بریتییه‌ له‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری نیشتیمانی عێراق".

ئه‌حمه‌د ئه‌لته‌میمی ده‌ڵێت: "پێشمه‌گه‌ر كه‌ ده‌یان هه‌زار چه‌كدار له‌خۆده‌گرێت، ده‌ستوه‌ردانی نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌رچی به‌رپرسه‌ له‌ ئه‌من و ئاسایشی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر هه‌ولێر هه‌ر داواكارییه‌كی بكردایه‌، ئه‌وا به‌غدا له‌ یارمه‌تیدان هیچ دوا نه‌ده‌كه‌وت. ئه‌وه‌ی رووده‌دات هه‌ڵوێستێكی تا بڵێی ئازاربه‌خشه‌، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ بینینی وێنه‌ی ئه‌و خێزانانه‌ی له‌ هه‌رێم ئاواره‌بوون".

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شده‌كات كه‌ "هه‌رێم رێگه‌ نادات هیچ هێزێك له‌ هه‌ر یه‌كه‌یه‌كی هێزه‌ فیدراڵییه‌كانه‌وه‌ بچێته‌ ناوچه‌كانی‌، كه‌چی خۆشی هیچ شتێكی له‌به‌رامبه‌ر له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا نه‌كردووه‌".

جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ كه‌ "به‌دڵنیاییه‌وه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی قاسم ئه‌عره‌جی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، له‌وانه‌یه‌ نامه‌یه‌كی له‌ محه‌مه‌د شیاعی سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه، بۆ سه‌ركردایه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌ولێر و سلێمانی ‌ هه‌ڵگرتبێت، سه‌باره‌ت به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی هێزه‌ فیدراڵییه‌كان له‌سه‌ر سنووری توركیا و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری بابه‌تی، بۆ كۆتاییهێنان به‌ مه‌ترسی پارتی كرێكارانی كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌كانی بۆ سه‌ر توركیا، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ناچاركردنی توركیا بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی له‌ سنوور، له‌گه‌ڵ به‌دیهێنانی هه‌ماهه‌نگییه‌كی گه‌وره‌ی ئه‌منی، به‌تایبه‌ت هه‌رێم به‌شێكه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی عێراقی".

جگه‌ له‌وه‌ ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌ كو "له‌شكركێشییه‌كه‌ی توركیا ره‌نگه‌ ره‌هه‌ندی مه‌ترسیدار له‌خۆبگرێت، ئه‌گه‌ر حاڵه‌ته‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا بمێنێته‌وه‌، بێ بوونی هیچ وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی عێراقی، چ له‌ لایه‌ن به‌غدا یان هه‌ولێره‌وه‌، هه‌موو ئه‌مه‌ش له‌ پێناو ئه‌وه‌یه‌، هه‌ڵوێستێكی یه‌كگرتوو بێته‌ئاراوه‌ و رێگه‌ له‌وه‌ بگرێت ناوچه‌كان و گوند و شاره‌دێیه‌كان و شاره‌كان، ببن به‌ گۆڕه‌پانی روبه‌ڕووبوونه‌وه‌".

ئه‌مڕۆ قاسم ئه‌عره‌جی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، به‌ فه‌رمانی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق، به‌ سه‌ردانێكی رانه‌گه‌یه‌ندراو گه‌یشته‌ سلێمانی، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ نووسینگه‌ی بافڵ‌ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، ئاشكرای كرد سه‌ردانه‌كه‌ تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر هه‌ماهه‌نگی هه‌وڵه‌ هه‌واڵگرییه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر.



PM:10:22:15/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 956 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو