فوئاد حسێن: مانگی داهاتوو له‌گه‌ڵ توركیا له‌باره‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانیانه‌وه وتووێژ ده‌كه‌ین
وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند كه ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو هه‌ردو لیژنه‌ی باڵای عێراق – توركیا كۆده‌بنه‌وه بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی هێزه‌كانی سوپای توركیا له هه‌رێمی كوردستان، ده‌شڵێت: "هێزه‌كانی توركیا تا ئێستا له ناو عێراقدا هیچ هێرشێكی نه‌كردووه".
فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له میانه‌ی كۆتایی هاتنی لوتكه‌ی ناتۆ له كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند كه "له كاتی به‌ڕێوه‌چوونی لوتكه‌كه‌دا چه‌ندین گفتوگۆ و دیداریان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان و وڵاتانی هاوڕێی عێراق هه‌بووه به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا".
فوئاد حسێن وتی: "پوخته‌ی گفتوگۆكان له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق بووه له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ندامی ناتۆ و دۆسیه‌ی جه‌نگی غه‌ززه و دۆخی سه‌ربازی عێراق".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "ته‌وه‌رێكی گفتوگۆكان له‌باره‌ی جه‌نگی ئۆكرانیا بوو، به‌ڵام بابه‌تی سه‌ره‌كی دانیشتنه‌كان بابه‌تی ئابووری و سیاسی بوون".
باسی له‌وه‌شكرد كه له لوتكه‌كه‌دا چاوی به وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی كوه‌یت، ئیسپانیا، به‌حره‌ین، ئه‌مریكا، كرواتیا و توركیا كه‌وتووه و دانیشتنێكی له‌گه‌ڵ لوید ئۆستن وه‌زیری به‌رگری ئه‌مریكا ئه‌نجامداوه.
فوئاد حسێن ده‌شڵێت كه "چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گرنگی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی كۆشكی سپی ده‌بێت، باس له بابه‌ته‌كانی ئابووری، نه‌ختینه، سیاسه‌تی بانكی عێراق ده‌كه‌ن، بابه‌تی تایبه‌تی گفتوگۆكانیشیان پاره كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی ئێرانه له بانكه‌كانی عێراق".
وتیشی: "له‌گه‌ڵ هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا كۆبوونه‌وه‌م هه‌بوو، گفتوگۆمان ده‌رباره‌ی دیداره‌كانی داهاتوومان كردووه".
ئاشكراشیكرد كه رۆژی 15ی مانگی ئاب لیژنه‌ی باڵای عێراق به سه‌رۆكایه‌تی فوئاد حسێن له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای توركیا به سه‌رۆكایه‌تی هاكان فیدان وه‌زیری به‌رگری توركیا كه لیژنه‌یه‌كی ئه‌منی سیاسییه، گفتوگۆ له‌باره‌ی ئۆپراسیۆنه‌كانی هێزه‌كانی ئه‌نقه‌ره له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق راشیگه‌یاند كه "هێزه‌كانی توركیا تا ئێستا هێرشێكی له نێو عێراقدا نه‌كردوه و ته‌نها كۆمه‌ڵێك جموجۆڵی سه‌ربازی هه‌یه، ئه‌و جموجۆڵانه‌ش له ساڵی 1991ه‌وه هه‌یه".
به‌گوێره‌ی راپۆرتێكی پێشتری تیمی كوردستانی عێراقی CPTی ئه‌مریكی،
له ڕۆژی 15ی حوزه‌یرانه‌وه سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی له سنوری به‌رواری
باڵاوه ده‌ستیپێكردووه و تائێستا به قوڵایی 15 كیلۆمه‌تر ھاتووه‌ته
ناو خاكی ھه‌رێمی كوردستانه‌وه.
CPT ئاشكراشیكردووه كه "له سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه
نوێیه‌دا تاوه‌كو ئێستا، توركیا (238) جار بۆردوومان و هێرشی بۆسه‌ر خاكی
هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه. به‌هۆی ئه‌م بۆردوومان و هێرشانه، زیاتر
له (20) هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی و دارستانی ئه‌و ناوچه‌یه سوتاون.
سه‌رباری ئه‌وه، نزیكه‌ی (55٪)ی دارستان و ڕه‌ز و باخی هاووڵاتییانی
مه‌ده‌نی گوندی سه‌رگه‌لێ به‌هۆی هێرشه‌كانی توركیاوه سوتاون".
راشیگه‌یاندووه كه "ئۆپه‌راسیۆنه به‌رده‌وامه‌كانی توركیا بوونه‌ته هۆی
چۆڵبوونی (162) گوند له هه‌رێمی كوردستان و زیاتر له (602) گوندیش له
ژێر مه‌ترسی چۆڵبووندان".
PM:07:42:12/07/2024
ئه‌م بابه‌ته 852
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت