ده‌سته‌ی گشتی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم راگه‌یه‌ندراوێكی به‌په‌له‌ی بڵاوكرده‌وه‌


وێستگه‌نیوزـ

دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، "داواکارین لە حکومەتی عێراق دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد دەکرێت بێدەنگ نەبێت".

ده‌سته‌كه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ینی 10ی ئایاری 2024، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت، "هەموو لایەک دڵنیا دەکەین دەستەی ناوچە کوردستانیەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جوتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانەو تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان".

دەقی راگەیەندراوەکە:

بەداخەوە ماوه‌ی دوو ڕۆژە عەرەبی هاوردە بەناڕەواو دوور لە هەموو بنەمایەکی ئاشتیانەو پێکەوە ژیان هاتوونەتە گوندی پەڵکانەو خێمەیان هەڵداوە، سوپاش دەرفەتی دروێنە بە جوتیارانی کورد نادات بەری ڕەنج و ماندوو بوونی شەش مانگی ڕابردوویان بچنەوە، ئەمە لەکاتێکدا لە پایزی ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕەزامەندی قیادەی عەمەلیاتی کەرکوک جوتیارانی کورد وەرزی دانەوێڵەیان دەست پێکرد.

ئێمە وەک حکومەتی هەرێم لە دەستەی ناوچە کوردستانیەکان  بەبەردەوامی لەسەر هێڵ بووین تا دەستورو یاسا دوابڕیاربێ و چیتر بە یاسای کۆن گیانی برایەتی تێک نەدرێت و دەرفەت بدرێت دانیشتوانی ناوچەکە درێژە بەژیانی ئاسای خۆیان بدەن، بەداخەوە تا بەئێستا ئەگات گرفتەکان وەک پێویست چارەسەر نەکراون بۆیە داواکارین لە حکومەتی عێراقی دەرهەق بەم ستەمەی بەرامبەر جوتیاری کورد ئەکرێت بێ دەنگ نەبێت و فراکسوێنە کوردییه‌کانیش لەم بارەیەوە پێویستە هەوڵەکانی خۆیان چڕتر بکەنەوە، لە هەمان کاتیشدا داواکارین شایستەی دارای پێویست بدرێتە عەرەبەهاوردەکان و بیان گەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. 

هەموو لایەک دڵنیا دەکەین دەستەی ناوچە کوردستانیەکان لە هەوڵەکانی خۆی بەردەوام دەبێت تا چیتر زوڵم و ستەم لە جوتیاری کورد نەکرێت لە گوندی پەڵکانەو تەواوی ناوچەکانی سەرگەڕان، لەهەمان کاتدا ڕای ئەگەیەنین جێ بەجێ کردنی دەستورو پابەند بوون بە بنەماکانی مادەی 140 زامنی چارەسەر بوونی تەواوی کێشەکانی ئەو ناوچانەیە.

دەستەی گشتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم
10-5-2024


PM:09:15:10/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 864 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت