وێستگە نیوز زانیاری لەسەر كۆبوونەوەی ئەمڕۆی یەكێتی و پارتی بڵاودەكاتەوە


وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی بنەمایەك بۆ چارەسەری كێشەكانی كوردستان دانراوە كە پێكەوە بتوانن رووبەڕووی گرفتەكانی كوردستان و عێراق ببنەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەوێستگە نیوزی راگەیاند، كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی لەهاوینەهەواری دوكان بنەمایەكە دانراوە بۆ هێوركردنەوەی رەوشەكە كە ئەوەش پارتی پێویستی پێیەتی، بەڵام دان پێدانانێكی جددیشە بەسەركردایەتی ئێستای یەكێتی.

ئەمڕۆ لەهاوینەهەواری دوكان، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو كە تیایدا بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیش بەشداریكرد، لەپارتی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لەیەكێتیش رزگار عەلی، ئەندامی مەكتەبی  سیاسی یەكێتی وەك سەرۆكی شاندەكان بەشداربوون.

هەرچەندە تائێستا هیچ راگەیەندراوێكی فەرمی سەبارەت بەناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بڵاونەكراوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەمەكتەبی سیاسی یەكێتی تایبەت بەوێستگە نیوز، لەم كۆبوونەوەیەدا بنەمایەك بۆ چارەسەری كێشەكانی ئێستای كوردستان دانراوە، چونكە لەم قۆناغەدا پارتی پێویستی بەوەیە رەوشەكە هێور بكاتەوە و یەكێتیش هەمان مەبەستی هەیە، هەروەها ئاماژەی بەوەكرد، بنەمای كۆبوونەوەكەی ئەمجارە هی كۆبوونەوەی پێشترە كە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی ئەنجامدرا، بەڕووخساری ئەندامانی كۆبوونەوەكانی پێشتر و ئەمجارەش دیارن كە ئەندامان كەسانی هێورن و دەیانەوێت ئەنجامی كۆبوونەوەكان باش بێت.

سەبارەت بەوەی چۆن بنەما بۆ چارەسەری كێشەكان دانراون، ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە "ئێستا پارتی خۆی بەسەركردایەتی كوردستان دادەنێت، بەڵام بۆ ئەوەش دەبێت لەئەزمونی سیاسی كوردستان سەركەوتوو بێت كە ئەم ئەزمونەش بەكردەوە بەرەو شكست دەڕوات، چونكە حكومەتی هەرێم كە پارتی سەركردایەتی جەكات قەرزارە و تەنانەت ئۆكسجینی بۆ كۆرۆنا پێ دابین ناكرێت، گەورەترین هێزیش كە دەتوانێت وەبەرهێن لەو مەسەلانە بكات یەكێتییە، بۆیە پارتی دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان باش بكات".

سەبارەت بەبەشداربوونی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی دوكان، سەرچاوەكە وتی "پارتی خۆی ویستویەتی بافڵ تاڵەبانی بەشدار بێت، چونكە دەیەوێت سەركەوتنێك بۆ بافڵ تاڵەبانی دابین بكات، تا بەخەڵك بڵێن ئەو كۆبوونەوانەی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكایەتییان دەكات سەركەوتوو دەبێت، جگە لەوەش بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی لەگەڵ مەسعود بارزانی باشە و وەك مامی خۆی سەیری دەكات".






PM:04:55:11/08/2020


ئه‌م بابه‌ته 4568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت