نێچیرڤان بارزانی و میخایل بۆگدانۆڤ جەختیان لە ئارامکردنەوەى گرژییەکانی ناوچەکە کردەوە



وێستگە نیوز- 
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەسەر سەردانەکەی میخایل بۆگدانۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی هەرێم بڵاوکردەوە.  

نیوەڕۆى ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ ی ١ ی ٢٠٢٠ بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازى لە میخائیل بۆگدانۆف، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئافریکا جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا و باڵیۆزى ڕووسیاى لە بەغدا و کونسولى گشتیى لە هەولێر و شاندێکى یاوەرى کرد کە لە ژمارەیەک دیپلۆماتکار و بەرپرسانى کۆمپانیاى گازپرۆم نه‌فتى ڕووسى پێکهاتبوون.

نێچیرڤان بارزانى وێڕاى پیرۆزبایى لە دەستبەکاربوونى بەڕێز سەرۆک وەزیرانى تازەى ڕووسیا، خواستى هەرێمى کوردستانى بۆ برەودانى پەیوەندییەکانى لە هەموو بوارەکاندا لەگەڵ ڕووسیا دووپات کردەوە و دەستخۆشى لە کار و چالاکییەکانى کۆمپانیاى گازپرۆم نه‌فتى ڕووسى لە کەرتى وزەدا لە هەرێمى کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگرانى سەرۆکى هەرێم و ژمارەیەک لە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون، بۆگدانۆف سڵاو و ڕێزی  ڤلادیمیر پوتین و سەرۆک وەزیرانى ڕووسیاى گەیاندە سەرۆکى هەرێمى کوردستان و ستایشى ڕۆڵى نێچیرڤان بارزانی و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستانى کرد.

هەردوولا دۆخى عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لە گرنگیى هەوڵدان بۆ ئارامکردنەوەى گرژى و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە و نەبوونى عێراق بە گۆڕەپانى کێشە و ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان کردەوە، هەروەها تیشکیان خستە سەر خۆپیشاندانەکان و هەوڵەکان بۆ دیاریکردنى سەرۆک وەزیرانى داهاتووى عێراق، کێشەکانى هەولێر ــ بەغدا و گرنگیى هەماهەنگیى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ناوچە کێشە لەسەرەکان.

دۆخى سووریا و هەبوونى هێزە نێودەوڵەتییەکان و پرسى کورد و ئایندەیان لە چوارچێوەى سووریا و ڕۆڵى ڕووسیا لەو وڵاتە، بەردەوامیى مەترسییەکانى تیرۆر و چۆنیەتیى ڕووبەڕووبوونەوەى، پرۆسەى ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و دوایین پێشهاتەکانى کێشەى فەلەستین ــ ئیسرائیل، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و چەند پرسێکى مایەى بایەخى هەردوولا، بەشێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو.


ش . ر 


PM:03:49:29/01/2020


ئه‌م بابه‌ته 5072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت