هه‌ده‌ر بارزانی: لایەنە عیراقییەکانیش لەگەڵ خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دان


وێستگه‌ نیوز ـ
پەرلەمانتارێکی پارتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگه‌یاند، لایەنە عیراقییەکانیش گەیشتوونەتە ئەو باوەڕه‌ی کە دەبێت خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوامی هەبێت و لە پرسەکانی دیکە جیا بکرێتەوە.


ھەدار بارزانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەھیدان لە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایگەیاند: "بەپێی رێکكەوتنی کۆتلەکان لەسەر یاسای بودجەی گشتیی عیراق بەھیچ شێوەیەک حکومەتی عیراق ناتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ببڕێت، چونکە بەگوێرەی یاسای بودجە مووچەی فەرمانبەران خەرج دەکرێت و ئەگەر ھەرێمی کوردستان رۆژانە 250 ھەزار بەرمیلی نەوت رادەستی بەغدا بکات ئەوا پشکی بودجە رەوانە دەکرێت و بە پێچەوانەوە نرخی نەوت لە بازاڕی جیھاندا چەندە ئەوا لەبەرانبەر پارەی 250 ھەزار بەرمیل لە پشکی بودجەی ھەرێم دەبڕدرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە رەوانە دەکرێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كه‌له‌ فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیشه‌ رایگه‌یاند، کارکردن لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2020 بەردەوامی ھەیە و بڕیارە بەر لە کۆتایی ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە بگاتە ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق تا خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.

له‌ باره‌ی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی 2020ی عیراقدا، هەدار بارزانی وتی، پێویستە هەولێر و بەغدا رێککەوتن بکەن، چونکە ھیچ لایەنێک لەگەڵ ئەوەدانیە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان ببڕدرێت لەلایەن عیراقەوە، تا لایەنە عیراقییەکانیش لەگەڵ ئەوەدانین ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە ساڵی داھاتووش بەردەوامی ھەبێت، بەڵام ئەوان دوپات لەوە دەکەنەوە ئەگەر ھەرێم نەوت رادەستی بەغدا نەکات جگە لە مووچە، پشکی بودجەی ھەرێم رەوانە نەکرێت.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ بڕیاره‌ دوای كۆتایی هاتنی پشووه‌كانی جه‌ژنی قوربان، شاندێكی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكه‌ن بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرسی نه‌وت و بودجه‌ و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.



PM:04:03:14/08/2019


ئه‌م بابه‌ته 2008 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت