سێ بڕیار له‌ باره‌ی رێكخستنی بازاڕ و نرخی هێلكه‌ درا

‌گرانبوونی هێلکە هاوڵاتیان نیگەران دەکات

وێستگه‌ نیوز ـ
رێباز حەملان، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە وەکالەت سێ بڕیاری لەبارەی رێکخستنی بازاڕ و نرخی هێلکە دەکرد و رایگەیاند، پێویستە کەرتی کشتوکاڵ بایەخی پێبدرێت بۆ بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان.


دەقی بڕیارەکان سەبارەت بە رێكخستنی بازاڕ و نرخی هێلكە

یەکەم: ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەك لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچوون و بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری وەزارەت بەئامادەبونی بەڕێوەبەرانی سامانی ئاژەڵ لە پارێزگاكان و خاوەن كێڵگەكان بۆ تاوتوێكردنی بابەتی بەرهەمی هێلكە و رێكخستنی بازاڕ و دابینكردنی پێداویستی خاوەن كێڵگەكان و دیاریكردنی نرخی هێلكە.

دووەم: پێكهێنانی لیژنەیەكی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتەرنەری بەمەبەستی سەردانی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراقی فیدراڵ بۆ یەكخستنی رێنمایەكانی هاوردەكردنی هێلكە و بە ره‌چاوكردنی پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی ناوخۆ.

سێیەم: ئاگاداركردنەوەی وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پەیوەندیدار بۆ تووندكردنی خاڵە سنوورییەكان و رێگەگرتنی هاوردەكردنی هێلكە بە رێگەی نایاسایی لەبەربوونی مەترسی لەسەر تەندروستی هاووڵاتیان.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ 11 پرۆژەی بەرھەمھێنانی ھێلکەی خواردن لە ھەرێمی کوردستان ھەن. ئەگەر بە تەواوی وزەی خۆیان کاربکەن، دەتوانن ساڵانە ملیارێک و 311 ملیۆن و 350 ھەزار ھێلکە بەرھەمبێنن، بەڵام بەھۆی ھێلکەی ھاوردە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە ھەندێ پرۆژە، ئێستا تەنیا پێنج پرۆژە کاردەکەن کە بەرھەمی رۆژانەیان نزیکەی ملیۆنێک و 253 ھەزار ھێلکەیە. ئەم بڕەش لەو وەرزەدا کە ھێلکە کەم دەخورێ، بەشی ناوخۆ دەکات، بەڵام بەھۆی خواستی زۆر لەسەر ھێلکە، خاوەن پرۆژەکان زۆربەی بەرھەمەکانیان ھەناردەی شارەکانی عیراق دەکەن.

بە مەبەستی پارێزگاری لە بەرھەمی خۆماڵی، ھەفتەی رابردوو، وەزارەتی کشتوکاڵ ھاوردنی ھێلکەی خواردنی قەدەخە کرد، بەو ھۆیەوە جیاوازییەکی زۆر لە نێوان خواست و خستنەڕوو دروستبوو، ئەمەش نرخی ھێلکەی بەرزکردەوە.

هــ. ر


PM:04:31:25/06/2019


ئه‌م بابه‌ته 6032 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو