سەرکردەی ئۆپۆزسیۆنی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵات ناساند

‌خوان گایدۆ

وێستگه‌ نیوز ـ
خوان گایدۆ سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن و سەرۆکی پەرلەمانی ڤەنزوێلا خۆی وەک سەرۆکی کاتی وڵاتەکەی ناساند و خۆی خستە شوێنی نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی ڤەنزوێلا.


ڤلادیمیر پادرینۆ وەزیری بەرگری ڤەنزوێلاش رایگەیاند، پشتگیری لە خوان گایدۆ ناکات کە خۆی وەک سەرۆکی کاتی ناساندووە.

دوای ئەم رووداوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و دواتریش کەنەدا و چەند وڵاتێکی ئەمریکای لاتین دانیان بە رەوایی خوان گایدۆدا نا.

یەکێتی ئەوروپاش لە زاری دۆناڵد تۆسک سەرۆکی کۆنسەی یەکێتییەکە پشتگیری خۆی بۆ سەرکردەکەی ئۆپۆزسیۆن راگەیاند و وتی، "بەهیوام تەواوی ئەوروپا پشتگیری لە هێزە دیموکراسییەکانی ڤەنزوێلا بکەن، بە پێچەوانەی مادورۆ، خوان گایدۆ خاوەن رەوایەتی دیموکراسیی خەڵکی ڤەنزوێلایە".

مادورۆ رایگەیاند، تەواوی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکادا پچڕاندووە و دەبێت دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکانیش لە ماوەی 72 کاتژمێردا خاکی وڵاتەکی جێبهێڵن.

دوای ئەم داواکارییەی مادورۆ، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، نیکۆلاس مادورۆ لە رووی یاساییەوە مافی پچڕاندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا و دەرکردنی دیپلۆماتکارەکانی نییە و ئەو رەوایەتییەی لەدەستداوە.

روسیا، تورکیا، بۆلیڤیا، کوبا و مەکسیک ئەو وڵاتانەن تا ئێستا پشتگیری لە نیکۆلاس مادورۆی سەرۆکی پێشو دەکەن و دان بە رەوایەتی خوان گایدۆدا نانێن.

ئەمریکا، کەنەدا، کەنەدا، بەڕازیل، پیرۆ، ئەرجەنتین، کۆستاریکا، پاراگوای، کۆڵۆمبیا، ئیکوادۆر، شیلی و گواتیمالا خوان گوایدۆیان وەک سەرۆکی کاتی ڤەنزوێلا ناساند و پشتگیریان کرد.

دوێنێ لە خۆپیشاندانەکانی ڤەنزوێلادا دژی نیکۆلاس مادورۆ، خوان گایدۆ خۆی وەک سەرۆکی کاتیی وڵاتەکەی راگەیاند و وتی، "بۆ کۆتاییهێنان بە دەستبەسەرداگرتنی زۆرەملێیانەی دەسەڵات، دامەزراندنی حکومەتی کاتیی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئازاد، وەک سەرۆکی کاتیی وڵاتی ڤەنزوێلا سوێند دەخۆم".

رێکخراوە مرۆییەکانیش رایانگەیاندووە، لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی دوو رۆژی رابردوودا 13 کەس کوژراون.

هــ. ر


AM:08:48:24/01/2019


ئه‌م بابه‌ته 2092 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو