پارتێكی توركی داوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ده‌په‌ ده‌كات


وێستگه‌ نیوز ـ
پارتی باش (ئیی پارتی) بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ "دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان" و چەند تۆمەتێکی تر داوایەکی یاسایی لە داگای تورکی بۆ  هەڵوەشاندنەوەی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) تۆمارکرد.


پارتی باش کە لە هەڵبژاردنەکانی (24ی حوزەیرانی 2018) پێنجەم پارتی تورکی بووە و لە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) جیابووەوە، بە تۆمەتی "ئەنجامدانی چالاکیی دژی سەربەخۆیی دەوڵەت و یەکێتیی میللەت و وڵات " لە دادگای تورکیا داوای کرد پارتی دیمەکراتی گەلان دابخرێت.

نوسرەت سەنەم، جێگری سەرۆکی گشتی پارتی باش ئەمڕۆ (25ی کانونی یەکەمی 2018) رایگەیاند، بە ناوی پارتەکەیەوە داوای داخستنی هەدەپەی لە دادگای تورکیا تۆمارکردووە.

سەنەم کە پێشتر پارتەکەی دوو داوای یاسایی هاوشێوەیان بۆ داخستنی هەدەپە تۆمارکردبوو رایگەیاند، هەدەپە لە ساڵی 2016 داوای خۆبەڕێوەبەرییان کرد، لە کۆنگرەکانی پارتەکەدا دروشمی جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانیان دەکرد و لە وتارەکانیاندا عەبدوڵا ئۆجەلانیان گەورەدەکرد. هەر بۆیە لە مانگی شوباتیشدا داوای یاساییمان لەسەریان تۆمارکرد.

راشیگەیاند چالاکییەکانی هەدەپە دژی دەستوری وڵاتەکەیانە و دەبێت رێگەیان پێنەدرێت بەشداریی پڕۆسەی سیاسیی بکەن و دابخرێت، بەتایبەت نابێت رێگە بدرێ بەشداری هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی ئازاری ساڵی داهاتوو بکەن.

ساڵی 2015 گروپێک لە سەرکردەکانی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) شکستی بزوتنەوەکەیان خستە ئەستۆی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی حزبەکە و داوای بەستنی کۆنگرەی نائاسایی حزبەکەیان کرد و داواکەیان رەتکرایەوە، بەم هۆیەشەوە لە حزبەکە دەرکران و ئەوانیش لە (25ی تشرینی یەکەمی 2017) (پارتی باش)یان دامەزراند کە بانگەشەی (تورکیا باش دەبێت)یان دەکرد.

هــ. ر


PM:04:15:25/12/2018


ئه‌م بابه‌ته 2076 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو