گۆڕان و کۆمەڵ گفتوگۆ لەسەر بەشداریکردن یان نەکردنی حکومەت دەکەن


وێستگه‌ نیوز ـ
بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ‌و پڕۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان ‌و عدراق، ئەمڕۆ بزوتنەوەی گۆڕان‌ و كۆمەڵی ئیسلامی كۆدەبنەوە.


شۆڕش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2018، وەفدێکی کۆمەڵی ئیسلامی سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان بکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆبونەوەکە تایبەت دەبێت بە پرسی راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و هەروەها تاوتوێکردنی هەڵوێستی هاوبەش و قۆناغی داهاتوو لەسەر ئەو پرسە، هەروەک ئەگەرەکانی بەشداری یاخود بەشداری نەکردنی ئەو دوو لایەنە لە حکومەت گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر رەئوف عوسمان سەرۆکی جڤاتی گشتی گۆڕان بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندبوو، لەناو بزوتنەوەکەیاندا دوو بۆچوون هەیە، بەشێکیان پێیانوایە کە گۆڕان نابێت بەشداربێت و بەشەکەی تریش پێیان باشە گۆڕان بەشداری لە حکومەتدا بکات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو ئەگەرەکان لەبەردەم بزوتنەوەکەیاندا کراوەیە.

هەرچی کۆمەڵی ئیسلامییە هەرچەندە رۆژی‌ سێشەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2018، ئەنجومەنی سەرکردایەتییەکەی‌ لەسەر ئەنجامەکانی‌ هەڵبژاردن و بەشداریکردن یان نەکردن لە حکومەت، کۆبووەوە، بەڵام خۆیان یەکلانەکردەوە کە بەشداری دەکەن یاخود نا.

هــ. ر


AM:09:48:24/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 3776 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو