جوان ئیحسان: پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ نادرێته‌وه‌ به‌ كورد

‌د. جوان ئیحسان

وێستگه‌ نیوز ـ

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق باس له‌ هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عیراق ده‌كات له‌ لایه‌ن عادل عه‌بدولمه‌هدی، كاندیدی راسپێردراو بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ دووری ده‌زانێت پۆستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ كورد بدرێته‌وه‌.


لەو بارەیەوە د. جوان ئیحسان، سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دەڵێت: "کەسایەتی عادل عەبدولمەهدی لە لایەن شیعە و کورد و عەرەبی سونەشەوە گونجاوە، ئەگەر لایەنە سیاسیەکان كاندیدیان كردبێت، یاخود لە ناو ماڵی شیعەوە".

له‌ باره‌ی ئه‌وه‌ی ئایا پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی دوای ململانێیان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، چی بەسەر دێت؟ جوان ئیحسان بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا وتی: "رەنگە ساردبوونەوەی تێبکەوێت، بەڵام پۆستێک نابێتە ئەو هۆکارە، هێشتا یەکێتی خۆمان بە دۆست و هاوپەیمانی پارتی دەزانین".

له‌ باره‌ی ئه‌گه‌ری بایكۆتی حكومه‌تی عیراق له‌ لایه‌ن پارتیه‌وه‌ دكتۆره‌ جوان وتی: "پارتی دیموکرات گەورەترین حزبی عیراقییەو خاوەنی مێژوویەکی کۆنەو پشک داری سەرەکییە لە دروستکردنی عیراقی نوێدا، لە ئەگەری بەشداری نەکردنیان، هەرچەندە بە دووری دەزانم بڕیاری وا بدەن، کاردەکاتە سەر نائارامی سیاسی لە عیراق و هەرێمیش، هیچ لایەکیش ئەوە ناخوازێت".

سەبارەت بەو پۆستانەش کە پشکی کورد بووە، ئایا پۆستەکانی پارتی دیموکرات یەکێتی کاندیدی بۆیان دەبێت، ئایا پۆستی وەزارەتی دەرەوە کە لە کابینەکانی پێشوو بەدەستی کوردەوە بووە، ئەگەر هەیە کورد بەدەستی بهێنێتەوە، دکتۆرە جوان دەڵێت: "مەحاڵە پۆستی وەزارەتی دەرەوە بدرێت بەکورد، بەڵکو دەدرێتە کەسایەتییەکی عەرەب وەک ئەوەی زۆربەی خەڵکی عیراق لە نەتەوەی عەرەبە".

دوای ئه‌وه‌ی شه‌وی سێشه‌ممه‌ 2ی تشرینی یه‌كه‌می 2018، له‌ ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌رهه‌م ساڵح، به‌ ده‌نگی 219 په‌رله‌مانتار به‌ سه‌رۆك كۆماری عیراق هه‌ڵبژێردرا، ناوبراو هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی، بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی داهاتووی عیراق راسپارد كه‌ ده‌بێت له‌ماوه‌ی مانگێكدا كابینه‌كه‌ی له‌په‌رله‌مان ئاماده‌ بكات بۆ ئه‌وه‌ی سوێندی یاسایی بخۆن.

هــ. ر


PM:12:06:04/10/2018


ئه‌م بابه‌ته 44324 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو