له‌ چیای قه‌ره‌چوغ شه‌ڕ و پێكدادان له‌ نێوان پێشمه‌رگه‌و داعش روویدا

‌هێزەکانی پێشمەرگە لە چیای قەرەچووغ

وێستگه‌ نیوز ـ
لە چیای قەرەچۆغی سنووری مەخمور شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و چەکدارانی داعش روویدا و تا ئێستاش بەردەوامە.


غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە رایگەیاند، کاتژمێر سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پۆلیسی فیدراڵی عیراق ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشیان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە گوندی عەلی رەش لە بناری چیای قەرەچۆغ ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هاوکات لەگەڵ ئەو ئۆپراسیۆنە فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە چڕی بۆردومانی مۆڵگەکانی داعشیان لە گەلی شەمزینان و گەلی عەلی رەش کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پۆلیسی فیدڕاڵی عیراقدا هەیە و توانیویانە گورزێکی کوشندە لە چەکدارانی داعش بدەن.

غازی فەیسەڵ کە خۆی خەڵکی گوندی عەلی رەشە، له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا بۆ ئێن ئاڕ تی، ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەک سەبارەت بە زیانەکانی ئەو شەڕە بڵاوبکاتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان لەو شەڕەدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و پێنجی دیکەش بریندار بوون.

هاوکات تا ئێستا شەڕەکە بەردەوامە و پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش فڕۆکەکانی هاوپەیمانان چەند جارێک بۆردومانی مۆڵگەکانی داعشیان لە بناری چیای قەرەچۆغ کردووە.

هــ. ر


PM:02:09:16/07/2018


ئه‌م بابه‌ته 8028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو