نێچیرڤان بارزانی: دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوێکی گرنگە


وێستگە نیوز-

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێشوازی لە بڕیاری بەغدا دەکەین بۆ دەستپێکردنەوەی گەشتە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەکانی هەرێم.

لە کۆنگرەکەیدا بارزانی وتی، کردنەوەی فڕۆکە خانەکان هەنگاوێکی گرنگەو بۆ وردەکاری کردنەوەی فڕۆکەخانەکان وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی هەرێم دەکات، کردنەوەی فڕۆکەخانەکانیش دەبێت لەسەر بنەمای دەستوری بێت.

بارزانی وتیشی ؛ تا ئێستا ڕوون نیە بەغدا چۆن موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵینی ئەوەی داوە کە موچەی فەرمانبەران بنێرێت.

ڕاشیگەیاند، بڕیارەکانی ئەمڕۆی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای گفتوگۆ و کۆبوونەوەی بەردەوامی نێوان هەردوولا هاتووە، هەروەها دەستپێکێکی زۆر باشە و ئەگەر ئیرادەی جدی هەبێت دەتوانن لەسەر بنەمای دەستووری عێراق کێشەکان چارەسەر بکەن و هەماهەنگیش بەردەوامی دەبێت بۆ ڕووبەڕوبونەوەی تیرۆر.

سەبارەت بە ناوچە کێشەلەسەرەکانیش، بارزانی وتی، دەبێت بەغداو هەرێم بە هاوبەشی ئیدارەی ناوچە کێشەلەسەرەکان بکەن.


کۆنگرەکەی بارزانی لە دوای ئەوە دێت،کە ئەمڕۆ سێ شەممە حەیدەر عەبادی لە میانەى دیداریدا لەگەڵ ژمارەیەک لەو  ئەفسەرانەى کە بڕیارە لە فڕۆکەخانەکانى هەرێم دەستبەکاربن، ڕایگەیاند، لە دواى ئەوەى دەسەڵاتی هەرێم بە پێی دەستور ڕەزامەندبووە لەسەر گەڕانەوەى دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بۆ سەر فڕۆکەخانەکان، بڕیاردراوە فڕۆکەخانەکان بە ڕووی گەشتە نێودەوڵەتییەکاندا بکرێتەوە.


PM:03:08:13/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 1612 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت