لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مان بۆ دوا تاووتوێكردنی بودجه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌دان


وێستگه‌ نیوز- پشتیوان جه‌مال
لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق بۆ دوا تاوزتوێكردنی پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ و جێكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی كورد له‌ كۆبوونه‌وه‌دان.


زانا رۆستایی، په‌رله‌مانتاری كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانی عیراق به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند، بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكرێت، فراكسیۆنه‌كانی دیكه‌ش بێ كورد ده‌توانن زۆرینه‌ دروست بكه‌ن بۆ تێپه‌ڕاندنی بودجه‌.

 زانا رۆستایی وتی‌: "ئێستا ئه‌ندامانی كورد له‌ لیژنه‌ی دارایی له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌دان بۆ ئه‌وه‌ی دوا تاووتوێی داواكارییه‌كانی كورد بكرێت تا بزانرێت ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتن یان نا".

شه‌وی رابردوو سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان  له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمار به‌ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی دارایی، گفتوگۆی دواین پێشهاته‌كانی تایبه‌ت به‌پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ و هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه‌ كوردستانییه‌كانیان كرد.

ئه‌مین به‌كر، سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی عیراق له‌ په‌ڕه‌ی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رایگه‌یاندبوو "سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق حه‌یده‌ر عه‌بادی ته‌نها به‌زیادكردنی تریلیۆنێك و 100 ملیار دینار ڕازی بووه‌ بخرێته‌ سه‌ر پشكی هه‌رێم واته‌ كۆی ئه‌و پاره‌ی كه‌ له‌بودجه‌دا بۆ هه‌رێم دیاریكراوه‌ ده‌گاته‌ حه‌وت تریلیۆن و 700 ملیار دینار، به‌ موچه‌و خه‌رجیه‌كانی تره‌وه‌ و پێشمه‌رگه‌ش 430 ملیار دینار و خه‌رجیه‌كانی حاكمه‌ كه‌ ده‌رمان و پاره‌ی گه‌نم و خۆراك ده‌گرێته‌وه‌ نزیكه‌ی 690 ملیار دینار ده‌بێت، هه‌روه‌ها خه‌رجكردنی ئه‌و پارانه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌ به‌ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم و فرۆشتنی له‌لایه‌ن سۆمۆوه‌".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتویه‌تی: "بۆیه‌ له‌ئێستادا ڕوی قسه‌م ده‌كه‌مه‌ سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ پێویسته‌ ڕون و ڕاشكاو پێمان بڵێن ئه‌گه‌ر ده‌توانن لانی كه‌می بژێوی خه‌ڵك و موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم دابین بكه‌ن تا ئێمه‌ش پێداگیری بكه‌ین له‌سه‌ر كه‌م نه‌كردنه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم و دواجاریش به‌زۆرینه‌ی عه‌ره‌بی بودجه‌كه‌ تێده‌په‌ڕێت و ئێمه‌ش به‌رپرسیارێتی هه‌ڵناگرین".


AM:10:52:03/03/2018


ئه‌م بابه‌ته 1780 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو