مەسروور بارزانی: هێشتا بەغدا بژارده‌ی سەربازیی بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەلاوە نەناوە

‌مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ
مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند: "بەغدا خۆی لە دانوستان دەدزێتەوە و ئاماژە مەیدانیەکانیش لەم رۆژانەدا ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن کە دەسەڵاتدارانی بەغدا هێشتا بژاردەی سەربازییان بۆ یەکلاکردنی کێشەکان بەلاوە نەناوە، ئەمانەش ئاماژەی مەترسیدارن و هەڕەشە لە سەر سەقامگیریی کۆی ناوچەکە درووست دەکه‌ن. له‌ كاتێكدا هەرێمی کوردستان خوازیارە هەرچی زووتر دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەست پێبکاتەوە و گوشار و ئابلوقەکانی سەر هەرێم لابدرێن و ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا جێگیر ببێت".


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 11ی كانوونی یه‌كه‌می 2017، له‌ میانی دیدارێكی نێوان مه‌سروور بارزانی، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و سیریل نۆن، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عیراق و شاندی یاوەری، دواین رەوشی دەڤەرەکە و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوی كراون.

پەیوەست بە گرژیەکانی نێوان هەرێم و بەغدا باڵیۆزی ئەڵمانیا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە پشتگیریی هەرچی زووتر دەست پێکردنی دانووستانەکان لە سەر بنەمای دەستوور دووپاتکردووه‌ته‌وه‌و وتوویه‌تی: "هەوڵەکانمان بۆ ده‌ربازكردنی رەوشەکە لەم چەقبەستووییەی ئێستا چڕده‌كه‌ینه‌وه‌ تا به‌کردەوە دانوستانەکان دەست پێبکات".

هه‌روه‌ها باڵیۆزی ئه‌ڵمانیا له‌ عیراق وتوویه‌تی: "ئەڵمانیا پشتگیریی هەرێمێكی کوردستانی بەهێز و پێشکەوتوو و ده‌سته‌به‌ربوونی مافە دەستووریەکانی کوردستان لە عیراقدا دەکات".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا مەسرور بارزانی، رۆڵی ئەڵمانیای لە پشتگیریی و هاوکاریی هەرێمی کوردستان به‌رز نرخاندووه‌و جەختی لە سەر کاریگەریی رۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە یەکلاکردنەوەی کێشەکانی ناوخۆی عیراق کردووه‌ته‌وه‌ و وتوویه‌تی: "هەرێمی کوردستان خوازیارە هەڵەکانی رابردوو لە عیراقدا دووبارە نەکرێنەوە، چونکە ناسەقامگیریی زیاتری لێ دەکەوێتەوە و زەمینە بۆ گەشەکردنەوەی تیرۆر دەرەخسێنێتەوە، ئەمەش کێشەی زیاتری بۆ ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لێدەکەوێتەوە".

هــ. ر


PM:02:27:11/12/2017


ئه‌م بابه‌ته 2116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو