مامۆستایانی ناڕازی: ئیتر ڕوو لە بەغدا دەکەین

‌کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی مامۆستایانی ناڕازی

وێستگه‌ نیوزـ

مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ هۆشدارییاندا لەخراپی‌ پرۆسەی‌ پەروەردە و دەڵێن، ئیتر ڕوو لە بەغدا دەکەین و بەتەنگ مووچەخۆرانەوە بێن.

ئەمڕۆ شەممە 11ی تشرینی دووەمی 2017، مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ لە کۆنگرەیەکی‌ رۆژنامەوانیدا وتیان: "حوکمڕانی‌ هەرێم خراپترین حکومڕانییە کە گوێ بەناڕەزایەتی‌ ناوخۆیی‌ نادات و بەپێچەوانەشەوە هەمووتەنازولێک بۆ دەرەوە دەکات"، وتیشیان، ئەوەی‌ لەسێ ساڵی‌ ڕابردوودا ڕوویدا لەخۆپیشاندان و بایکۆت هەڵوێستێکی‌ گەورەبوو، دەبوو حزبەکان پشتگیرییان بکردایە، نەک پشتیان بکردایەتە شەقام و داواکارییەکانیان و "بێ هەڵوێستی‌ حزبەکان وای‌ کردووە حزبە دەسەڵاتدارەکان سورتربن لەسەر پێشێلکردنی‌ مافەکانی‌ هاوڵاتیان و مووچەخۆران".

مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ ئاماژەی‌ بۆ ئەوەشکرد، بەتەنیشت حوکمڕانییەکی‌ شکستخواردووە، کۆمەڵگایەکی‌ بێدەنگ بوونی‌ هەیە، کە دەبوو شەقامەکانیان پڕ بکردایە لەناڕەزایەتی‌ بەردەوام و وتیان: "ئەوەی‌ ئێستا ڕوودەدات نیشانەی‌ شکستی‌ یەکجاری‌ و کوتایهاتنی‌ ئەو جۆرە حوکمڕانیەیە کە هەیە و چیتر نابێت ڕێگا بدەین سیاسیە دۆڕاوەکان ببنە نوێنەری‌ هاوڵاتیان لەپێناو بەرژەوەندی‌ حزبی‌ و شەخسی‌ و بنەماڵەیدا".

مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ وتیشیان بەردەوام دەبین لەخەباتی‌ مەدەنی‌ و "لەم ڕۆ بەدواوە کۆتای‌ بەڕووکردنە حکومەتی‌ هەرێم دەهێنین و دەچینە بەغدا و ڕاستەوخۆ داوا لەحکومەتی‌ عیراق دەکەین بەتەنگ هاوڵاتیانەوە بێن و ژیانی‌ هاوڵاتیان تێکەڵ بەسیاسەتی‌ نابەرپرسانە نەکەن" و بەئەرکی‌ سەرشانی‌ خۆیان هەستن لە دابینکردنی‌ شایستە داراییەکانی‌ مووچەخۆران، دەرئەنجامی‌ هەنگاوەکانی‌ داهاتوومان دەخەینە ئەستۆی‌ دەسەڵاتداانی‌ کورد.

ئەو مامۆستا ناڕازییانە دوپاتیانکردوە کە "لەمڕۆ بەدواوە ڕوو لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتی‌ و مافی‌ مرۆڤ و پەرلەمانی‌ ئەوروپا، نوێنەرایەتی‌ هەرێم و عیراقیش لەو وڵاتانە دەخەینە بەردەم لێپرسینەوە".

لە1ی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ 2017 مامۆستایانی‌ ناڕازی‌ خۆپیشاندانێکی‌ ناڕەزایەتیان لە سلێمانی‌ و هەڵەبجە و ئیدارەکانی‌ گەرمیان و ڕاپەڕین ئەنجامدا، دژی‌ سیستمی‌ نوێی‌ مووچە و دواکەوتنی‌ مووچە، بڕیارییاندا هەتا 21ی‌ هەمان مانگ بەردەوام بن لە بایکۆتکردن.



ر.ع


PM:08:00:11/11/2017


ئه‌م بابه‌ته 2624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو