سه‌رۆك كۆماری چین داوا له سوپای وڵاته‌كه‌ی ده‌كات ئاماده‌بن بۆ جه‌نگ
سوپای چین
وێستگه نیوزـ
سه‌رۆك كۆماری چین كه له هه‌مانكاتیشدا سه‌رۆكی لیژنه‌ی ناوه‌ندیی سه‌ربازی سوپای میللیی رزگاریخوازی وڵاتهكهییهتی، هانی سه‌ربازه‌كانی دا ئاستی جه‌نگیی خۆیان باشتر بكه‌ن و واخۆیان ئاماده بکەن بتوانن هه‌موو جه‌نگێك ببه‌نه‌وه.
شی جینگ پینگ، سه‌رۆك كۆماری چین و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی ئه‌و وڵاته فه‌مانده‌یی پرۆسه هاوبه‌شه‌كانی به‌سه‌ركرده‌وه كه سه‌ربه لیژنه‌ی ناوه‌ندیی سه‌ربازیی سوپای وڵاته‌كه‌یه‌تی و داوایكرد به‌چڕی چاودێریی دۆخی ئه‌منی بكه‌ن و زامنی ئه‌وه بكه‌ن كه له هه‌موو گۆڕه‌پانێكی جه‌نگدا ئاماده‌باشیی سه‌ربازییان هه‌یه.
شی جینگ پینگ رایگه‌یاندووه: "چین به قۆناغێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌ڕێ و له‌وه‌دایه وڵاته‌كه‌ی ببێته هێزێكی جیهانی كه داهاتویه‌كی پرشگنداری هه‌یه، به‌ڵام ئاسته‌نگی زۆری له‌به‌رده‌مدایه، بۆیه توانا سه‌ربازییه‌كان گرنگیی ستراتیژییان هه‌یه له پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵات‌دا"
ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه كه سه‌ردانی ئه‌مجاره‌ی بۆ لیژنه‌كه بۆئه‌وه‌یه دڵنیابێته‌وه كه سوپا ئاماده‌یی جه‌نگیی تێدایه و بزانێت تا چه‌ند هێزه سه‌ربازییه‌كان هه‌ست به قه‌یران و جه‌نگ ده‌كه‌ن و خۆیان بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكی كتوپڕ ئاماده بكه‌ن له هه‌ر ئاراسته‌یه‌كه‌وه بێت.
سه‌رۆك كۆماری چین داواشی له سوپای وڵاته‌كه‌ی كردوه توێژینه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر پرۆسه‌ی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی ركابه‌ره‌كانیان بكات، به‌تایبه‌ت دۆخی مه‌یدانی جه‌نگ و به‌رزكردنه‌وه‌ی توانای فه‌رمانده‌یی هاوبه‌شه‌كان و مه‌شقكردنی زیاتر به‌جۆرێك كه سیناریۆی مه‌شقه‌كان له جه‌نگی راسته‌قینه‌وه نزیك بێت.
ر.ع
AM:12:06:05/11/2017
ئه‌م بابه‌ته 21364
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت