هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د جه‌خت له‌چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به‌دیالۆگ ده‌كاته‌وه‌

‌خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود

وێستگه‌ نیوز -
خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان جه‌ختی‌ له‌ پێویستی یه‌كڕیزی نیشتمانی و یه‌كگرتووی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆچاره‌سه‌ری كێشه‌كان كرده‌وه‌.


ئه‌مڕۆ 22ی تشرینی یه‌كه‌می 2017، له‌شاری سلێمانی، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هاوسه‌ری سه‌رۆك مام جه‌لال و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پێشوازیكرد له‌ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود سكرتێری‌ حزبی‌ سۆسیالیست دیموكراتی‌ كوردستان.

له‌دیداره‌كه‌دا، سكرتێری‌ حزبی‌ سۆسیالیست دیموكراتی‌ كوردستان، له‌گه‌ڵ دووباره‌ ده‌ربڕینی پرسه‌ و ماته‌مینیی بۆ له‌ده‌ستدانی سه‌رۆك مام جه‌لال، وتی: "ماڵئاوایی سه‌رۆك مام جه‌لال خه‌ساره‌تێكی گه‌وره‌ بوو بۆ هه‌موومان، سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو پێچه‌وانه‌ی زۆربه‌ی سه‌ركرده‌كانی جیهان كه‌ مێژوو دروستیكردون، مام مێژوویی دروست كرد، بۆیه‌ خه‌بات و ڕۆڵ و پێگه‌ی هه‌رگیز له‌یاد ناكرێت".

له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، به‌ئاماژه‌دان به‌ سیاسه‌تی حه‌كیمانه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال، بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یران و كێشه‌كان و خه‌باتی له‌پێناو یه‌كڕیزی نیشتمانی، سكرتێری‌ حزبی‌ سۆسیالیست دیموكراتی‌ كوردستان، باسی له‌وه‌كرد كه‌ "پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌شدا یه‌كڕیزیمان بپارێزین".

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د، له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینی سوپاسگوزاری بۆ سكرتێری‌ حزبی‌ سۆسیالیست دیموكراتی‌ كوردستان بۆ سه‌ردانه‌كه‌ی و گه‌یاندنی په‌یامی هاوخه‌میان، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ درێژه‌ پێده‌ری رێبازه‌كه‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال ده‌بن، له‌پێناو یه‌ك ده‌نگی و یه‌كڕیزی نیشتمانی و ته‌بایی نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

هه‌ر له‌میانه‌ی ئه‌و دیداره‌دا ، باس له‌بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و ئاڵۆزییه‌كانی كه‌ركوك و ناوچه‌دابڕێندراوه‌كان و داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم له‌گه‌ڵ عیراق كرا، هه‌ردوولاش دووپاتیانكرده‌وه‌ پێویسته‌ كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵیی و هه‌رێمی كوردستان، له‌ڕێگه‌ی گفتوگۆ و لێكگه‌یشتنه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت.


PM:08:41:23/10/2017






ئه‌م بابه‌ته 20344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو