كۆمسیۆن وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم و هه‌ڵبژاردنی په‌سه‌ند كرد

‌شیروان زرار، وتەبێژی‌ کۆمیسیۆنی سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکانی هەرێم

وێستگه‌ نیوزـ

دوا نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 14ی ئابی 2017، ئەنجومەنی كۆمیسیاران لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ وەڵامی فەرمانەکەی بارزانیلەبارەی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و چەند تەوەرێکی دیکە کۆبوونەوە.

شیروان زرار، وتەبێژی‌ کۆمیسیۆنی سەربەخۆی‌ هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە کۆنگرەیەکی روژنامەوانیدا رایگەیاند کە لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیاندا بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی هەرێم و پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کردوە ئامادەیە لە 25ی ئەیلول و 1ی تشرینی دوەمی 2017 هەردوو پرۆسەکە ئەنجام بدات.

وتیشی: لە ئێستادا ئامادەباشی دەکەن بۆ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنەکان و کۆمیسیۆن دەتوانێت رۆژی‌ 1ی 11 هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان و سەرۆکایەتی‌ هەرێم ئەنجامبدات.

وتەبێژی‌ کۆمیسیۆن ئاماژەی‌ بەوەشکرد، سەرجەم پێداویستییەکانی‌ هەڵبژاردن لە رووی‌ لۆجستییەوە ئامادە کراون و لەم نزیکانەدا دەگاتە دەستی‌ کۆمیسیۆن، وتیشی: هەوڵدەدەین لە ڕێگەی‌ ئامێرەکانی‌ هەڵبژاردنەوە و جۆری‌ مرەکەبەکەوە هیچ جۆرە ساختەکارییەک نەکرێـت و هەموو ڕێکارێکیش دەگرێنە بەر بۆ پاککردنەوەی‌ تۆماری دەنگدەران.

وتیشی، هەفتەی‌ داهاتوو داوا لەلایەنە سیاسییەکان دەکەین ناوی خۆیان تۆماربکەن بۆ ئەوەی‌ ناوەکانیان بخەینە لیستی‌ هەڵبژاردنەکانەوە وهەر کەس و لایەنێکیتریش کە بیەوێت خۆی هەڵبژێرێت دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات. 

شیروان زرار راشیگەیاند، لەسەرتاسەری‌ هەرێمی‌ کوردستان بە پارێزگای‌ کەرکوک و ئەو ناوچانەی‌ موسڵیش کە کورد تێیدا باڵادەستە  هەلبژاردن ئەنجامدەدرێت، راشیگه‌یاند كه‌ بەشێک لە ئەندامانی‌ ئەنجومەنی‌ کۆمسیاران لەگەڵ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆمدا نەبوون و دەنگیان نەداوە .

بارزانی رۆژی 8ی حوزەیران مەرسومێکی هەرێمی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی کردووە.

بارزانی داوایکردبوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەرێمی کوردستان ڤۆژێک دەستنیشان بکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی یاسایی خۆیدا و ئامادەکاریش بۆ ئەو مەبەستە بکرێت.

جەختی لەوەشکردبوه‌وه‌ کە "گشت دامەزراوە حکومییەکان و حزبییەکان بۆیان نییە بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان دەستێوەردان بکەن لە کاروباری بەرپرسان و سەرپەرشتیاران و ئەنجامدەرانی پرۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان".





PM:02:49:14/08/2017


ئه‌م بابه‌ته 4619 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

زۆرترین خوێندراو