تکایە بەروار هیچ مانایەك نابەخشێت!
بارزان شێخ عوسمان
لەم رۆژانەدا نووسینی بەڕێزێکم بینی دەربارەی (بەروار) کە جاران لە نووسراو و نامەکان، یان رۆژی دەرچوونی رۆژنامەکان بەکاردەهات، گوایە بەروار راست و گونجاوترە نەك رێکەوت یان رۆژ، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نەکردووە کە ئایا سەرچاوەی بەروار چییە.
ئامانج لە نووسین رۆژ و مانگ و ساڵ هەموومان دەزانین چییە، بۆیە پێویست ناکات سەرقاڵتان بکەم، راستەوخۆ دێمە سەر باسی هەڵەی بەکارهێنانی بەروار لە بری رۆژ و کاتی دەرچوونی نووسراو یان هەر بەڵگە و دۆکیۆمێنتێك.
پێش بەروار (تەئریخ) بەکاردەهات. (بەروار) وشەیەکە کە لە دوای ساڵی 1946ەوە بە هەڵە بەکاردێت. ئەم هەڵە باوە لە ساڵی1946ەوە بەردەوامە سەرباری ئەوەی چەندینجاریش لە لایەن ئەو بەڕێزەی بەرپرسیاری ئەو هەڵە باوەیە راستکراوەتەوە، واتە لەزاری رەوانشاد عەبدولرەحمان زەبیحی (عولەما) خۆیەوە. رەوانشاد دکتۆر کەمال فوئاد-یش چەندجارێك لە رۆژنامەی کوردستانی نوێی ئازیزدا لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا نووسیویەتی و بڵاویکردۆتەوە، رەنگە لە ژمارەکانی 1993و 1996دا بەرچاو بکەوێت. خراپ نییە جارێکی تر بە بیر ئەو بەڕێزە و خوێنەرانیشی بهێنمەوە، کە چیرۆك و سەرگوزشتەی (بەروار) بەمجۆرەیە.
کاتێک رۆژنامەی کوردستان، زمانحاڵی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەردەمی کۆماری کوردستان لە شاری مەھاباد دەردەچو ، ئەو بروسکە و پیرۆزباییانە بڵاودەکاتەوە کە بە بۆنەی دامەزراندنی کۆمار-ەوە و لەسەرتاسەری کوردستانەوە نێردراون، بەوانەی کوردستانی عیراق و شوێنەکانی تریشەوە. دیارە شێوازی نامەنووسین بەمجۆرە بووە: ناوی شار و شوێن، رێکەوت، رۆژ. بۆ نموونە دەنووسرا: کەرکوک.1946.4.25یەکێک لەو نامانە لە (بەرواریی باڵا)ی کوردستانی عیراقەوە بە دەستەی نووسەران دەگات کە نووسراوە بەرواری3-3-1946، بەھۆی ئەوەی نووسین و چاپەمەنی بە کوردی لە کوردستانی عیراقی خۆمان پێش کوردستانی ئێران بووە، زاراوە و وشەی کوردیی زیاتریش بەکارھێنراوە، برادەرانی رۆژنامەکە ئەو (بەرواری) یە بە (تأریخ، المصادف) لێکدەدەنەوە وادەزانن بەرواری لە جیاتی (تأریخ) دانراوە و ئیتر لەو رۆژەوە دەنووسن بەروار ئەمە بەسەرھاتی ئەم بەروارەیە کە تا ئێستاش لە بەشی زۆری دەزگا و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بڵاوکراوە کوردییەکانی هەموو بەشەکانی کوردستان و ئەوانەی لە دەرەوەش دەردەچن، ئەم هەڵە باوە دووبارە دەکەنەوە کە چەندجارێکیش راست کراوەتەوە، خوا هەڵناگرێت هەندێک فەرمانگە و ئۆرگان کە کەسانی خوێنەوار و بەسەلیقەی لێبووە و ئاگاداری ئەو راستکردنەوەیە بوون، دەنووسن (رۆژ، یان رێکەوت)، یان هەر رۆژەکە دەنووسن، بەڵام خوا نەکات راگەیاندنە زۆر و بۆرەکان خۆیان لە قەرەی ئەم راستکردنەوە و سەلیقەیە بدەن. هەروەك چۆن وەزارەتی ناوخۆ لە جیاتی بەکارهێنانی کۆمیسەر یا قۆمیسەر(مفەوەزی پۆلیس)ی کردووە بە (مسموح، مصرح، رێگەپێدراو) جگە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەرۆك مام جەلال نەبێت کە ئەو دەستەواژە سەقەت و بە سەقەت داتاشراوە بەکارناهێنێت، یان رەسمی کراوە بە فەرمی، ئەم بەروارەش هەر لای زۆر و بۆرەکان چاك نەکراوەتەوە، بۆیە رەنگە ئەو بەڕێزەش کەوتبێتە داویانەوە.
PM:12:57:03/12/2025
ئهم بابهته 540
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی