لە کۆمەڵەی گەلانەوە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، خوێندنەوەیەک بۆ (٨١)ساڵی رابردوو.

‌هەڤاڵ عارف

٢٤ی ئۆکتۆبەری هەمو ساڵێک رۆژی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکانە، رێکخراوێک، کە بە ئامانجی دورخستنەوەی مرۆڤایەتی لەجەنگ و کاولکاری، هێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری سەرتاپاگیری وعەدالەت و پاراستنی مافی گەلان، لەسەر داروپەردووی دووجەنگی جیهانی و لەئەنجامی شکستی کۆمەڵەی گەلان (عصبة الامم) گەڵاڵە بوو.

ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە، تاکوئێستاش لەژێر هەمان ئاراستەو میکانیزمی دابەشکاری پێکهاتەیی ساڵی (۱۹٤٥) بەردەوامه، لێرەدا لەدوای (٨١)ساڵ لەبـەڕێکردنی تەمەنیدا ، ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە بڵێینئەم رێکخــراوە تاچەند لەئاستی بەرپرسیارێتی خۆیـدا بووە لە دەستەبەرکردنی ئۆقرەیی و سەقامگیریجیهان؟ ئەگەر بەبێ خستنە ڕووی هیچ دۆکیۆمێنتێک بڵێین نە لەڕابردوودا لەپرسە جارەنووسسازەکانداڕوڵ و کاریگەری هەبووە و نە بۆ ئێستاش حوزوری مـاهیەتی مـرۆیی و سیاسی هەیە بێگومان ئەوا وەڵامێکی لوژیکی نابێت، کەواتە با زمانی ژمارەو داتا بکەینە پێوەری هەڵسەنگاندن و سەنگی محەکبۆ وەڵامی پرسیارەکەمان.

ئەگەر دیقەت بدەین لەوەتەی ئەم دامەزراوەیە هاتۆتە کایەوە لەیەکەم ساتەوەختییەوە تا ئەمڕۆ جیهان ڕووبەڕووی چەندین جەنگی خۆێناوی، کۆمەڵکوژی و کارەساتی مرۆیی سەخت بووەتەوە.

لە جەنگی کوریای ساڵانی (١٩٥٠_١٩٥٣) و ڤێتنامی (١٩٧٥_١٩٧٩) تادەگاتە جەنگی روسیا و ئۆکراینیای ئێستا وپێکدادانی راستەوخۆی سەربازی ئەمەریکا و ئێران، کە هێشتا بەکراوەیی ماوەتەوە، لەپاڵ دەیان پرۆسەی جینۆسایدکردنی رێکخراودا، وەکو (کارەساتەکانی کەمبۆدیا، کوشتاری حەممای سوریا، تراژیدیای سەبراوشاتیئای لوبنان، شاڵاوی ئەنفال و کیمیابارانکردنی کوردستان، کۆکوژکردنی رواندا و میحنەتی یەزیدییەکانی شەنگال و ئەوموسیبەتەی بەسەر غەزەی فەڵەستین)داهێنرا، لەئەنجامی ئەمانەشداملیۆنان سەرباز لە مەیدانی جەنگ و خەڵکی سڤیلی مەدەنی راستەوخۆ کوژراون، دەیان ملیۆنی دیکەش بوونەتە قوربانی لێکەوتەکانی وەک (برسێتی و قات قڕی، بڵاوبوونەوەی پەتای کوشندەو خاپوربونی ژێرخانە خزمەتگوزراییه سەرەتاییەکان)ی ئەو رووداوانە.

بۆ خستنەڕووی بەڵگەی زیاتر دەچینە سەر داتاکانی خۆیان،بەپێی ئاماری فەرمی خودی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەپاش دامەزراندنیەوە تاکو ئێستا (٢٥٠) جەنگ و ململانێی چەکداری ڕویانداوە، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە رێگریکردن لەجەنگ و پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی جیهان لەسەرەکیترین ئامانجەکانی ئەم رێکخــراوە بووە، لەلایەکی دیکەوە زانکۆی ئۆپساڵا لەسوید لەڕاپۆرتێکدا، کە لە (٩)ی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڵاویکردۆتەوە ئاماژەی بەوە کردووە، کە تەنیا لەساڵی (٢٠٢٥)دا (٦٥) ململانێی چەکداری لەجیهاندا تۆمارکراوە، کەواتە لەدوای هەموو ئەو کارەساتانەی ئاماژەمان پێکرد، ئایا هیچ پاساوو حیکمەتێک لە بەردەوامی ئەم دامەزراوەیەدا ماوە بەتایبەت لەم هەلومەرجەی ئێستادا، کە جیهان بە دژوارترین بارودۆخ، جەنگ و پشێوییدا هەنگاودنێت؟

ئیتر چ هێڵێکی سورماوە ببەزێنرێت، چ کاولکاری و مەرگەساتێکیتر ماوە یەخەی مرۆڤایەتی بگرێت تاکو چاوەڕوانبین ئەم رێکخراوە دەنگێکی واقیعی و دوور لە دەستەمۆیی و شەرمی سیاسی هەڵبڕیت و بڵێت ئێرە سنووری شکۆ و مافی سەرەتایی مرۆڤەکانە،چیتر رێگەنادرێت چارەنووسی هەشت ملیار ئینسان بکرێتە قوریانی حەزی هەژموونخوازی، غەریزەی شەرانگێزی و چاوچنۆکی سەرمایەداری تاقمکێک سیاسی بێ مۆڕاڵ، رقساز ومەرگخوازی وڵاتانی زلهێزو هاوهەنگاوەکانیان، یاخود ئەبێ چەند میللەتی دیکە قەتڵ و عام بکرێت، چەند شارستانیەتی دیکە کوێربکرێتەوە و مافی چەند کۆمەڵگەیتر زەوت بکــرێت لەژێر پاساوی ساختەی پاراستنی مرۆڤایەتیدا، تا ئەم دامەزراوەیە هەر هیچ نەبێ بە یەکێک لەو ئەرک و پەیماننامانەی خۆی هەستێت، کە لە پێناویدا دروستبووە؟

لەگردوکۆی ئەم نووسینەدا دەگەینە دەرئەنجامێک، کە ئەم دامەزراوەیە ئەوەندەی بۆ تەوزیفکردنی بەرژەوەندی و پاراستنی هاوسەنگی رێژەیی پێنج ئەندامە هەمیشەییەکەی(ئەمەریکا، روسیا، چین، فەرەنسا، بریتانیا) بووە تا بەریەکـکەوتن لەنێوانیاندا ڕوونەدات، هێندە بۆ خزمەت و پاراستنی گەلانی جیهان نەبووە، ئەگەرچی لەچەندین بواری مرۆیدا ڕۆڵدەگێڕێت، هاوکاری لێـقەوماو، سەرپەرشتی دۆسیەی ئاوارەو کۆچبەران دەکات، بەڵام ئەو قەیرانانەش دەرئەنجامی ئەو جەنگ و ململانێیانەن، کە خودی نەتەوەیەکگرتووەکان خۆی نەیتوانیوە پێشی پێبگرێت، لەبەردەم ئەم دۆکیۆمێنت و ئامارانەدا پێناچێت چیتر تەمومژێک مابێت لەپێش تێگەشتنیئەوەی تاجەند ئەم رێکخراوە لەئاست ئامانجەکانی دامەزراندنیدا بووە.

لەکۆتاییشدا، نووسەری ناوداری عەرەب (د.آمال موسی) لە رۆژنامەو پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکانی (شرق الاوسط)، لە(٢٣)ی ئۆکتوبەری ئەمساڵدا وتارێکی بە ناونیشانی(كيف أخفقت الأمم المتحدة في إنقاذ الأجيال من الحروب؟) بڵاوکردووەتەوە، تێیدا پرسیارێکی فەلسەفی لەهەماکاتدا رەخنەیی و لۆژیکی دەوروژێنتو دەڵێت (یەکێ لە پەیماننامە بنچینەییەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە لەپێناویدا دامەزرێنرا پاراستنی نەوەکانی داهاتوو بوو لەکارەسات و لێکەوتەکانی جەنگ، ئەی ئێمەی ئێستا نەوەی داهاتووی ئەو سەردەمە نەبووین؟!)


PM:07:07:28/10/2026

ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی