بەرپرسێكی پارتی زانیاری لەسەر دیاریكردنی پارێزگاری نوێی هەولێر دەدات



وێستگە نیوز- پشتیوان جەمال

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، چاوەڕوانی سەركردایەتی حیزبەكەیانن بۆ ناردنی ناوی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر تا لەئەنجومەن دەنگی لەسەر بدرێت.

كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بەوێستگە نیوزی راگەیاند، تا كاتی یەكلاییكردنەوەی كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری هەولێر، بەپێی یاسا ماوەی 90 رۆژ یەكێك لەجێگرەكانی دەتوانن بەوەكالەت كارەكان بەڕێوە ببەن، بۆیە ئەوانیش وەك فراكسیۆن چاوەڕوانی سەركردایەتی حیزبەكەیان دەكەن بۆ ناردنی كاندیدێك بۆ فراكسیۆنەكەیان تا لەئەنجومەنی پارێزگا دەنگی لەسەر بدرێت.

خەیلانی ئاماژەی بەوەكرد، بەپێی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاش هەر ئەندامێكی ئەنجومەن مەرجەكانی ئەو پۆستەی تێدا بێت دەتوانێت خۆی كاندید بكات، بەڵام لەبەرئەوەی ئەوان وەك پارتی زۆرینەی ئەنجومەنن، بۆیە كاندیدی پارێزگار لە پارتی دەبێت.

لەمانگی 10ی ساڵی رابردوو فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوو، دوای مانەوەی لەنەخۆشخانە لەشاری هەولێر و ماوەیەكیش لەوڵاتی توركیا، سەرەنجام بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە كۆچی دوایی كرد، لەئێستاشدا هێمن قادر، جێگری پارێزگار لەپشكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك پارێزگار بەوەكالەت كارەكان بەڕێوە دەبات.


PM:04:50:16/01/2021


ئه‌م بابه‌ته 7416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت