سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران: ناوچه‌كه‌ گرژییه‌كی‌ مه‌ترسیدار به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت


وێستگه‌نیوز-
په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ ته‌وه‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆك كۆمار بوو و تیایدا هه‌ڵوێسته‌كانی عێراق دوپاتكرانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و گرژییه‌ مه‌ترسیداره‌ی ناوچه‌كه‌ به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت.

نووسینگه‌ی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3-11-2024 محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیران له‌ به‌غدا پێشوازی‌ له‌ د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید سه‌رۆك كۆمار كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌ دیداره‌كه‌دا بارودۆخی گشتیی وڵات و گرنگی پێكه‌وه‌كاركردنی نێوان ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌ستوورییه‌كان تاووتوێكران به‌تایبه‌تی دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، كه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی حكومه‌ت له‌پێناو ته‌واوكردن و به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی و جێبه‌جێكردنی پلان و به‌رنامه‌كانی گه‌شه‌پێدان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ژاری و بێكاری و هه‌روه‌ها كاركردن بۆ باشتركردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و به‌دیهێنانی چاكسازیی ئابووریی گشتگیر به‌جۆرێك سه‌قامگیری و ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌سه‌رتاسه‌ری عێراقدا به‌هێز بكات".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو كه‌ "كۆبوونه‌وه‌كه‌ تاووتوێی په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی بارودۆخی ناوچه‌كه‌ی كرد و هه‌ڵوێسته‌كانی عێراق دوپاتكرانه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و گرژییه‌ مه‌ترسیداره‌ی ناوچه‌كه‌ به‌خۆوه‌ی ده‌بینێت به‌هۆی به‌رده‌وامی ده‌ستدرێژییه‌كانی زایۆنی له‌ ئه‌نجامدانی تاوانه‌كانیان له‌ غه‌ززه‌ و لوبنان و به‌ئامانجگرتنی هاووڵاتیانی بێتاوان".


AM:12:22:04/11/2024


ئه‌م بابه‌ته 392 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت