هیومان رایتس ۆج و سه‌نته‌ری‌ میترۆ كۆبونه‌وه‌


وێستگه‌نیوز-
له‌ میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ وه‌فدێكی‌ رێكخراوی‌ هیومان رایتس ۆچ، سه‌نته‌ری میترۆ رایگه‌یاند كه‌ توندبوونی ململانێی سیاسی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی چاوه‌ڕوانكراو، وا ده‌خوازێ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چاودێری زیاتری ره‌وشی مافی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، به‌تایبه‌تیش ره‌وشی ئازادی میدیا كه‌ له‌وكاتانه‌دا زۆرتر پێشێل ده‌كرێت.

 
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 4ی ئه‌یلولی 2024، سارا سه‌نبه‌ر، توێژه‌ری عێراق، له‌ به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقای رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ، سه‌ردانی سه‌نته‌ری میترۆی كرد به‌ مه‌به‌ستی هه‌مئاهه‌نگی له‌ بواری مافه‌كانی مرۆڤ. و له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا كه‌ ئارام سه‌عید، سه‌رۆكی رێكخراوی به‌دیل بۆ دیبه‌یت ئاماده‌ی بوو، رێكخه‌ری میترۆ به‌ گه‌رمی به‌خێرهاتنی سارا سه‌نبه‌ر و وه‌فدی یاوه‌ری كرد و گفتوگۆ له‌باره‌ی ره‌وشی مافی مرۆڤ به‌ تایبه‌تی و مافی ئازادی راده‌ربڕین و رۆژنامه‌گه‌ری كرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێكخه‌ری میترۆ تیشكی خسته‌سه‌ر دیارترین ئاڵه‌نگارییه‌كانی به‌رده‌م ئازادی رۆژنامه‌گه‌ری و ئازادی راده‌ربڕین، هه‌ندێك له‌ راپۆرته‌كانی سه‌نته‌ری میترۆی خسته‌ به‌رده‌م وه‌فدی میوان، باسی له‌وه‌شكرد كه‌ "توندبوونی ململانێی سیاسی به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردنی چاه‌ڕوانكراو وا ده‌خوازێ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چاودێری زیاتری هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن كه‌ مافی مرۆڤ و مافی رۆژنامه‌نووسان له‌وكاتاندا زۆرتر پێشێل ده‌كرێت".

لای‌ خۆیه‌وه‌ ئارام سه‌عید سه‌رۆكی رێكخراوی به‌دیل بۆ دیبه‌یت، تیشكی خسته‌سه‌ر چالاكییه‌كان له‌ بواری په‌روه‌رده‌ و ژینگه‌ و مافه‌كانی مرۆڤ.

 سارا سه‌نبه‌ر، خۆشحاڵی ده‌ربڕی بۆ سه‌ردانه‌كه‌ و سوپاسی هاوكاری و كارئاسانییه‌كانی سه‌نته‌ری میترۆی كرد بۆ رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ كه‌ 15 ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌ و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ئامانجه‌كانی هه‌ردوو رێكخراو واده‌خوازێت ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ بره‌وی پێبدرێت.

سارا سه‌نبه‌ر توێژه‌ر له‌ به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باكووری ئه‌فریقا و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ پێشێلكارییه‌كانی مافی مرۆڤ له‌ عێراق ده‌كات.

 پێشتر له‌ یه‌كه‌ی پاراستنی دانیشتوانی مه‌ده‌نی له‌ كۆمیته‌ی نێوده‌وڵه‌تی خاچی سووری نێوده‌وڵه‌تی كاری كردووه‌، كه‌ تیایدا سه‌رنجی له‌سه‌ر ململانێ و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، ڕێگریكردن له‌ تاوانه‌كانی جه‌نگ خستۆته‌ ڕوو.

هه‌روه‌ها پسپۆڕی پاراستن بووه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی په‌نابه‌رانی دانیمارك و له‌گه‌ڵ هێزی ئاشتی ناتوندوتیژ له‌ عێراق كاری كردووه‌، كه‌ تیشكی خستۆته‌ سه‌ر پاراستنی ئاواره‌كانی ناوخۆ و ئاشته‌وایی له‌ سه‌رده‌می دوای داعش.


PM:06:30:04/09/2024
















ئه‌م بابه‌ته 344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت