نوێترین زانیاری له‌ باره‌ی كه‌یسی دكتۆره‌ دنیا عادل

‌دكتۆره‌ دنیا عادل

وێستگه‌نیوزـ

خوشێكیكی دكتۆره‌ دنیا زانیاری نوێ له‌ باره‌ی كه‌یسی خوشكه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات و ده‌ڵێت، ئه‌مڕۆ دادوه‌ر دكتۆره‌ دنیای به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كرد، به‌ڵام به‌هۆی سكاڵای هاوسه‌ری ئه‌و كه‌سه‌ی به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ خوشكه‌كه‌یان ده‌كرد جارێكی دیكه‌ راگیرایه‌وه‌.


ئێواره‌ی دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 10ی ته‌مموزی 2024، نزیك كاتژمێر 8:00 به‌ وته‌ی دایكی دكتۆره‌ دنیا، هێزێكی ده‌مامكدار هه‌ڵیانكوتاوه‌ته‌ سه‌ر شوقه‌كه‌یان له‌ سلێمانی و دكتۆره‌ دنیایان ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌ و بردوویانه‌.

دایكی ئه‌و دكتۆره‌یه‌ باسی له‌وه‌شكرد، دوای چه‌ند كاتژمێرێك له‌ گه‌ڕان زانیویانه‌ له‌ بنكه‌ی پۆلیسی به‌ختیارییه‌، دواتر به‌ بیانووی وێنه‌گرتن براوه‌ بۆ هێزه‌كانی 70 (فه‌رمانده‌یی).

جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ هاتنی ئه‌و هێزه‌ هیچ ئاگاداركرنه‌وه‌یه‌ك بۆ كچه‌كه‌ی نه‌هاتووه‌.

وتیشی: "كچه‌كه‌م چه‌ندین جار له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ به‌ناوی بافڵ تاڵه‌بانیه‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێكراوه‌ و جارێكیش ده‌ستگیر كراوه‌".

ده‌شڵێت: "كچه‌كه‌م گیانی له‌ مه‌ترسیدایه‌".

باسی له‌وه‌شكرد: "ئێره‌ شوێنی ژیان نه‌ماوه‌ و وڵاتی میلیشیایه‌".

كه‌سوكاری ئه‌و دكتۆره‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ شه‌وی رابردوو ئاگادار كراون كه‌ ئه‌مڕۆ دادوه‌ر كچه‌كه‌یان ده‌بینێت و بڕیار له‌ باره‌ی كه‌یسه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌درێت.

له‌وباره‌وه‌ سانا عادل، خوشكی دكتۆره‌ دنیا به‌ وێستگه‌نیوزی راگه‌یاند، له‌ به‌یانی ئه‌مڕۆوه‌ له‌دادگاین تا له‌ چاره‌نووسی كچه‌كه‌مان دڵنیا ببینه‌وه‌".

وتیشی: "نزیك كاتژمێر 1:00 دادوه‌ر به‌ كه‌فاله‌ت دكتۆره‌ دنیای ئازاد كرد، به‌ڵام هاوسه‌ری ئه‌و كه‌سه‌ی به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ خوشكه‌كه‌م ده‌كرد هاته‌ ئه‌وێ و وتی منیش سكاڵام له‌سه‌ر كچه‌كه‌تان هه‌یه‌، به‌و هۆیه‌وه‌ تا ئێستا خوشكه‌كه‌م راگیراوه‌، دیار نییه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ ئازاد ده‌كرێت یان نا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چاوه‌ڕوانی بڕیاری دادوه‌رین".

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌ دكتۆره‌ دنیا، رۆژنامه‌نووس و پزیشكی ددان له‌ ئه‌كاونته‌ فه‌رمییه‌كانی خۆیه‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌، كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر ژیانی هه‌یه‌، جارێكیش بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌ستگیركراو دواتر ئازاد كراوه‌.


PM:02:17:11/07/2024


ئه‌م بابه‌ته 31284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت