وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل په‌یامێكی ئاراسته‌ی "دۆست و دوژمن" كرد
یۆئاڤ گالانت وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل
وێستگهنيوز-
له وه‌ڵامێكی راشكاوانه‌دا بۆ فشاره‌كانی ئه‌مریكا كه ئامانج لێی وه‌ستاندنی هێرشی سه‌ربازییه له شاری ره‌فه‌ح، وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل له په‌یامێكدا بۆ "دۆست و دوژمنان" رایگه‌یاند كه وڵاته‌كه‌ی چی پێویست بێت ده‌یكات بۆ گه‌یشتن به ئامانجه سه‌ربازییه‌كانی له كه‌رتی غه‌ززه و له باكوور.
به‌گوێره‌ی ده‌قی وتارێك كه نووسینگه‌كه‌ی بڵاویكردۆته‌وه، یۆئاڤ گالانت وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل ده‌ڵێت: "قسه له‌گه‌ڵ دوژمنانی ئیسرائیل و دۆستانی نزیكیشمان ده‌كه‌م، ئیسرائیل ژێرده‌سته ناكرێت... سوورین له‌سه‌ر هه‌ڵوێستمان، ئامانجه‌كانمان به‌دیده‌هێنین. هێرش ده‌كه‌ینه‌سه‌ر حه‌ماس، هێرش ده‌كه‌ینه سه‌ر حزبوڵا و ئاسایش ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ین”.
چی پێویست بێت ده‌یكه‌ین
به‌پێی ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز، گالانت وتیشی: "هه‌رچی پێویست بێت ده‌یكه‌ین، دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه، هه‌رچی پێویست بێت، بۆ به‌رگریكردن له هاوڵاتیانی ئیسرائیل، نه‌هێشتنی هه‌ڕه‌شه خراپه‌كانی سه‌رمان، و وه‌ستانه‌وه به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌ی هه‌وڵی له‌ناوبردنی ئێمه ده‌ده‌ن، ئه‌نجامی ده‌ده‌ین”.
ئه‌م لێدوانه‌ی گالانت له دوای هۆشدارییه‌كی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مریكا هات كه رایگه‌یاند ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان دابینكردنی چه‌ك راده‌گرێت ئه‌گه‌ر ئیسرائیل شاری ره‌فه‌ح له باشووری غه‌ززه داگیر بكات كه زیاتر له ملیۆنێك فه‌له‌ستینی ئاواره تێیدا نیشته‌جێن.
ڕۆژی چوارشه‌ممه بایدن له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی سی ئێن ئێن وتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌وان (ئیسرائیلییه‌كان) بچنه ناو ڕه‌فه‌حه‌وه، من ئه‌و چه‌كانه‌یان بۆ دابین ناكه‌م كه پێشتر (..) دژی شاره‌كان به‌كارده‌هێنران".
"ئێمه سه‌رده‌كه‌وین ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به ته‌نیا بمێنینه‌وه"
كاتێكی پێشتری ئه‌مڕۆش، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، له وه‌ڵامی بایدن، دووباره گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی "X”، بڵاوكرده‌وه، كه تیایدا ڕایگه‌یاندبوو وڵاته‌كه‌ی سه‌رده‌كه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر به ته‌نیا بمێنێته‌وه.
هه‌روه‌ها له ڤیدیۆكه‌دا كه مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ وتارێكی به‌بۆنه‌ی یادی هۆلۆكۆسته‌وه، ده‌ڵێت كه "هیچ ده‌وڵه‌تێك ناتوانێت ئیسرائیل له پاراستنی خۆی رابگرێت".
PM:10:28:09/05/2024
ئه‌م بابه‌ته 1132
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت