لە سێ ساڵدا 24 هەزار پارچە شوێنەوار گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق


وێستگه‌نیوزـ

لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "هازا ئەلیەوم"دا هاتووە، کە وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوارناسی عێراق رایگەیاندووە، توانیویانە لەماوەی سێ ساڵدا 24 پارچەی شوێنەواری بگەڕێننەوە خاکی عێراق، کە زۆربەیان لە ناوچە مێژوویەکان و مۆزەخانەکانی عێراقدا بەقاچاخ براون.


مەروە عەبدو لیلۆ، بەڕێوەبەری بەشی وەرگرتنەوە لە وەزارەتی گشتی شوێنەوار و کلتوری، لە بەیاننامەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وەزارەتەکە لە رێگەی چاودێری کردنی زیادکردنە ئاشکراکانەوە، پارچە شوێنەوارییە دزراو و بەقاچاخ براوەکان دەگەڕێنێتەوە، زۆر جاریش لە رێگەی پەیوەندییە دبلۆماسیی و داوا یاساییەکانەوە ئەم کارە ئەنجام دەدات.

دووپاتیشی کردەوە کە ژمارەی ئەو شوێنەوارانەی لە ماوەی ساڵانی 2021 تا 2024 گەڕێندراونەتەوە، ژمارەیان گەیشتووەتە 24 هەزار پارچە، کە لە رابردوودا لە مۆزەخانەکاندا دزراون، یاخود لە ناوچە شوێنەوارییە هەڕەمەکییەکانی عێراقدا دۆزراونەتەوە و دواتر بە قاچاخ براون.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە شوێنەوارەکان ژمارەی مۆزەخانەکانیان لەسەرە، ئەمەش گەڕانەوەیان ئاسانتر دەکات، لە درێژەی قسەکانیشیدا رایگەیاند، مۆزەخانەی عێراق لەم دواییانەدا شوێنەوارێکی گرنگی بەدەست گەیشتووەتەوە، و مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان، کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان لە نیویۆرک بە پارێزراوی مابۆوە.
 
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای رادەستکردنەوەی ئەم پارچەیە، بەڵێنی پێدانەوەی ئەو پارچانەی تریشی داوە کە خاوەن دارێتییەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ عێراق و لەئێستاشدا لەلای ئەوان پارێزراوە، و جەختیشی لەوە کردەوە، رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان رۆڵی سەرەکییان هەیە لەوەرگرتنەوەی کەلوپەلە شوێنەوارییەکاندا.
 
عێراق لەدوای ساڵی 2003 ژمارەیەکی یەکجار زۆری لە پارچە شوێنەوارییەکانی لەدەستدا، کە بە سەرتاسەری وڵاتەکەدا بڵاوببوونەوە، جا چ لە رێگەی دزینیانەوە بووبێت لە مۆزەخانەکانیدا، یاخود لەڕێگەی هەڵکەندنیانەوە بووبێت لە ناوچە شوێنەوارییەکاندا، یان بەهۆی رێکخراوی چەکداری داعشەوە، کە لە ساڵی 2014دا ناوچەیەکی فراوانی لە عێراق کۆنترۆڵکرد و زۆربەی ناوچە و پارچە دێرین و شوێنەوارییەکانی لەناوبرد.


AM:09:41:30/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت