"فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا له‌ مه‌ترسیدایه‌!"


وێستگه‌نیوز-
ئه‌ندامێكی‌ كوردی‌ لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق هۆشداری‌ دا له‌وه‌ی‌ "فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا له‌ مه‌ترسیدایه‌!".


كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی كوردی‌ لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ "جێبه‌جێ كردنی ئه‌و هه‌موو پرۆژه‌ی نییشته‌جێبوونه‌ له‌ ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غدا به‌بینای ستوونی و ئاسوویی و له‌ئێستا و داهاتوودا مه‌ترسی جددیی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی فڕین و نیشتنه‌وه‌ی فڕۆكه‌ و باری ئاسایشی فڕۆكه‌خانه‌كه‌ و هه‌تا ژینگه‌ و ته‌ندروستی دانیشتوانی ئه‌و پرۆژانه‌ دروست ده‌كات".

كاروان یاروه‌یس ده‌ڵێت: "(21) پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون له‌ جێبه‌جێكردندان، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ له‌نێوان ده‌زگا په‌یوه‌نداره‌كان هه‌ماهه‌نگی نییه‌ و به‌شی زۆریان به‌بێ ره‌زامه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی عێراق دروست ده‌كرێن".

ئه‌وه‌شی‌ خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ "دوورنییه‌ له‌ داهاتوودا فڕۆكه‌یه‌ك خۆی بكێشی به‌ تاوه‌رێك، یاخود رێكخراوی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی نێوده‌وڵه‌تی فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی خزمه‌تگوزاری".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌پرسێت: "تۆبڵێی‌ له‌ به‌غداد زه‌وی تر نه‌بێ بۆ دروستكردنی پرۆژه‌ی نیشته‌جێبوون ته‌نها ده‌وروبه‌ری فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غدا نه‌بێ؟".

كاروان یاروه‌یس ئاشكرایكردووه‌ كه‌ "له‌مباره‌یه‌وه‌، لیژنه‌ی گواستنه‌وه‌و په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ستی به‌ لێكۆلینه‌وه‌ و به‌دواداچوون كردوه‌، ئه‌مڕۆ 15ی ئایار ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان و ده‌سه‌ڵاتی فڕۆكه‌وانی مه‌ده‌نی بانگی لیژنه‌ كرد، به‌ڵام وه‌به‌رهێنانی به‌غدا رای كرد له‌ ئاماده‌بوون".


PM:04:47:15/05/2024




ئه‌م بابه‌ته 8468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت