ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی دوو بابەت لە بارەی هەرێم تاووتوێ دەکات


وێستگه‌نیوزـ

بە پێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی ئەمڕۆ سێشەممە دادگاکە لەسەر پێنج سکاڵا کۆدەبێتەوە، کە دوو لە سکاڵاکان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، یەکێکیان پەیوەندی بە مووچەى ساڵی رابردووی فەرمانبەرانەوە هەیە.

سکاڵای یەکەم لەلایەن  جەبار سەنەد، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر محەمەد شیاع سودانی تۆمارکراوە و تایبەتە بەناردنی سێ گوژمەی قەرز لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

لە سکاڵاکەدا داوادەکرێت، دادگای فیدراڵی بڕیار بدات بە نایاساییبوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەساڵی 2023 بۆ ناردنی بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار کە بە سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە.

سکاڵای دووەمی تایبەتە بە پرسی داخستنی کەمپی ئاوارەکان و نوێنەرایەتییەکانی وەزارەتی پەروەردەی عێراق  لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، سکاڵاکە لەلایەن کەسێکەوە بەناوی رافد ناسر عەبدولکەریم لە دژی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرى پەروەردە تۆمارکراوە.


AM:09:30:30/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 1144 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت