خه‌سره‌و به‌شاره‌ت دوای 14 ساڵ زیندانیكردن له‌سێداره‌ درا


وێستگه‌نیوز-
رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ رایانگه‌یاند كه‌ خه‌سره‌و به‌شاره‌ت، زیندانی كوردی خه‌ڵكی شاری‌ مه‌هاباد دوای زیاتر له‌ 14 ساڵ زیندانیكردن له‌ زیندانی قزڵحه‌ساری شاری كه‌ره‌ج له‌سێداره‌درا.

رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان و هه‌نگاو ڕایانگه‌یاندووه‌ ئه‌و زیندانییه‌ كورده‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 15ی مانگی ئایار له‌ سێداره‌ دراوه‌.

به‌ پێی ڕاپۆرتی ئه‌و دوو ڕێكخراوه‌، خه‌سره‌و به‌شاره‌ت له‌ یه‌كی مانگی پێنج بۆ جێبه‌جێكردنی سزای له‌سێداره‌دانه‌كه‌ی گواسترابووه‌ بۆ ژووری تاكه‌كه‌سی و رۆژی دووشه‌ممه‌ش بۆ دواجار بۆ ماوه‌ی بیست خوله‌ك چاوی به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی كه‌وتووه‌.

كۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر له‌ چه‌ند مانگی ڕابردوودا سزای له‌سێداره‌دانی 5 تۆمه‌تباری هاودۆسیه‌ی دیكه‌ی ئه‌م زیندانییه‌ كه‌ بریتی بوون له‌ قاسم ئابسته‌، ئه‌یوب كه‌ریمی، داود عه‌بدوڵڵاهی، فه‌رهاد سه‌لیمی، ئه‌نوه‌ر خێزری جێبه‌جێ كردبوو. بابه‌تێك كه‌ ڕه‌خنه‌ی به‌ربڵاوی له‌لایه‌ن دامه‌زراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی مافی مرۆڤه‌وه‌ لێكه‌وته‌وه‌.

ئه‌نوه‌ر خزری، پوورزای خه‌سره‌و به‌شاره‌ت یه‌كێكی دیكه‌ له‌ تۆمه‌تباران بوو كه‌ له‌ یه‌كی مانگی پێنجدا له‌ سێداره‌ درا.

خه‌سره‌و به‌شارت، ته‌مه‌ن 39 ساڵ، له‌ ساڵی 2010 له‌ شاری مه‌هاباد له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه‌ دوای كوشتنی مه‌لا عه‌بدولڕه‌حیم تینا له‌ لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م رووداوه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و بۆ زیندانی‌ ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ گوازرایه‌وه‌ و بۆ ماوه‌ی ساڵانێك له‌ژێر فشاری ده‌روونی و جه‌سته‌یی و ئه‌شكه‌نجه‌دا ناچار به‌ دانپێدانانی زۆره‌ملێ كرابوو.

خه‌سره‌و به‌شاره‌ت له‌گه‌ڵ شه‌شی كه‌سی دیكه‌ له‌ دۆسیه‌یه‌كی هابه‌شه‌دا به‌ تۆمه‌تی 'موحاریبه‌'، 'گه‌نده‌ڵی له‌سه‌ر خاك'، 'پشتیوانی له‌ گروپه‌ سه‌له‌فیه‌كان' و 'كوشتنی عه‌بدولڕه‌حیم تینا' له‌ ساڵی 2016 له‌لایه‌ن دادگای ئینقلابی تارانه‌وه‌ سزای له‌سێداره‌دانیان به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.

سزای له‌سێداره‌دانی ئه‌و چه‌ند كه‌سه‌ دوای داواكاریان بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ سزاكانیاندا له‌ ساڵی 2017 له‌لایه‌ن دادگای باڵاوه‌ هه‌ڵوه‌شێندرایه‌وه‌ و ئه‌و دادگایه‌ دۆسیه‌كه‌یانی ڕه‌وانه‌ی دادگای ئینقلابی كردبووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دووباره‌ دادگایی بكرێنه‌وه‌، به‌ڵام دادگای ئینقلاب جارێكی دیكه‌ له‌ ساڵی 2018 سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر هه‌ر حه‌وت زیندانییه‌كه‌ كورده‌كه‌دا سه‌پانده‌وه‌.

له‌نامه‌یه‌كی دایكی خه‌سره‌و به‌شاره‌تدا كه‌ بۆ نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤی ئێرانی نووسیوه‌ و له‌لایه‌ن تۆڕی مافی مرۆڤی كوردستانه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌، هاتووه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان قوربانی پیلان و یارییه‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی مه‌هاباد و ورمێیه‌ و له‌ژێر فشاری ئه‌واندا ئه‌و سزایه‌ به‌سه‌ر كوڕه‌كه‌یدا سه‌پێندراوه‌.

به‌شاره‌ت و تۆمه‌تبارانی دیكه‌ له‌و دۆسیه‌یه‌دا چه‌ندین جار له‌ نامه‌كانیاندا كه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا بڵاویانكردبووه‌، جه‌ختیان له‌سه‌ر بێ بنه‌مایی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ كردبووه‌وه‌ كه‌ خراونه‌ته‌ پاڵیان.



PM:06:28:15/05/2024


ئه‌م بابه‌ته 17464 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت