وهزارهتی كارهبا: بەرهەمهێنانى کارەبا گەیشتوەتەوە هەزار و 600 مێگاوات
وێستگهنیوزـ
وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكان رایانگەیاند، توانراوە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی دوو ههزار و 500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر بکرێتەوە و له ئێستادا ههزار و 600 مێگاوات كارهبا گهڕاوهتهوه.
ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024، كهمال محهمهد، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكانی ههرێم رایانگەیاند، تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان پاش هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرومۆر، توانیویانە قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی دوو ههزار و 500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەنەوە و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننەوه ههزار و 600 مێگاوات.
ئاماژەیان بەوەشکرد، تیمەکانی هەردوو وەزارەت ماندوونەناسانە بە درێژایی شەوی رابردوو تا ئێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبایان کردووەتەوە، رێگایان نەدا كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی غاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر، سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە.
ئێوارەی رۆژی هەینی 26ـی نیسانی 2024، بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە شارەدێی قادر کەرەمی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، بەهۆیەوە چوار کارمەند کوژران کە خەڵکی یەمەنن بە ناوەکانی:
- عەلی عەبود ئەحمەد لەدایکبووی 1978.
- یوسف یاسر حەموود لەدایکبووی 1986.
- عیسام محەمەد ئەحمەد لەدایکبووی 1983.
عەوەز عەبدە عەلی لەدایکبووی 1986 .
هەر دوای هێرشەکە، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایانگەیاند، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.
PM:12:40:27/04/2024
ئهم بابهته 820
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت