کۆمەڵی دادگەری: دواخستنی هه‌ڵبژاردن هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه‌


وێستگه‌نیوزـ

ئەنجومی باڵای کۆمەڵی دادگەری رایگەیاند، "دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسیی و ئەگەری هەیە ئەوەشی ماوە لەدەستی بدەین".

ئەنجومی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنەکەیان کۆبووەتەوە و پاش گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی وردی رووداو و پێشهاتەکانی ئێستا، جەختدەکەنەوە کە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش عێراق، بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت کە ئەوسەری دیارنیە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "کۆمەڵی دادگەریی دەخوازێت کە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، پارێزراو و دوربێت لە دەرهاویشتە و دەرەنجامەکانی ئەو بارودۆخە نوێیەی ناوچەکەی تێکەوتووە".

کۆمەڵی دادگەری ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستانە، بەرپرسیارانە  مامەڵە و رەفتاربکەن و کارێک نەکەن کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بخەنە دۆخێکەوە کە دەرەنجامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە کە دواتر چارەسەری ئەستەم بێت".

هاوکات، پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بۆ چارەسەر و کۆتاییهێنان بە کێشە و قەیرانی چەندین ساڵەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکەن.

سەبارەت بە هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ جەخت لە بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دەکاتەوە لەو کاتەی کە دیاریکراوە و دژی هەر جۆرە هەوڵ و هەنگاو و نیازێکن بۆ دواخستنی و دەڵێن: "دواخستنی پرۆسەکە، هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسیی و ئەگەری هەیە ئەوەشی ماوە لەدەستی بدەین".


PM:07:05:17/04/2024


ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت