جه‌بار یاوه‌ر: كورد ببێته لایه‌ن له‌و ململانێیه‌ی له ناوچه‌كه هه‌یه، له‌ناوده‌چین
وێستگه‌نیوز-
فه‌ریق روكن جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر كورد ببێته لایه‌ن له‌و ململانێیه‌ی ئێستا هه‌یه له ناوچه‌كه، ئه‌وه "به‌دڵنیایی له‌ناو ده‌چین".
فه‌ریق روكن جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له لێدوانێكدا بۆ ده‌نگی ئه‌مریكا باسی له‌وه كرد كه "هێشتا مه‌ترسی داعش ماوه و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، هێشتا فكره‌ی داعش ماوه، جگه له‌و داعشانه‌ی له سوریا هه‌ن به تایبه‌ت كه‌مپی هۆڵ و بونی ده‌یان هه‌زار سه‌ركرده‌ی داعش له‌ناو زیندانه‌كان، كه ئه‌مه‌ش وه‌ك بۆمبێكی ته‌وقیتكراوه، دوای ئه‌وه دۆخی عێراق كه ئێستا بووه‌ته چه‌قی ململانێیكانی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران، هه‌روه‌ها دوو بلۆكی ڕانه‌گه‌یه‌نراو".
فه‌ریق روكن جه‌بار یاوه‌ر سه‌باره‌ت به داوای كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له عێڕاق، بۆچوونی سه‌ربازی و یاسایی خۆی به‌مشێوه‌یه خسته‌ڕوو كه "یه‌كه‌م، ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه كاتی بوو به‌مه‌به‌ستی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش واته تا قیامه‌ت نامێنێ. دووه‌م، كاتی خۆی عێراق خۆی به‌فه‌رمی داوای له‌و هێزانه كرد هاوكاری بكه‌ن ئه‌گه‌ر ڕێككه‌وتنه‌كه به‌وجۆره بێت كه عێراق مافی خۆی بێت له حاڵه‌تی پێویست نه‌بونی داوای ده‌رچوونی ئه‌و هێزانه بكات ئه‌وه مافی خۆیه‌تی".
ئه‌مینداری پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت: "داخه‌كه ئه‌وه‌یه ئێمه وه‌ك هه‌رێم ده‌بێت له رێگای عێراقه‌وه داوای مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه بكه‌ین، چونكه ئێمه هه‌رێمێكی فیدراڵین له عێراقدا".
وتیشی: "له ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی فیدراڵیه ڕێككه‌وتننامه سه‌ربازی و هه‌ر بابه‌تێكی له‌وجۆره. ئه‌وه په‌یوه‌ندی هه‌یه به‌لایه‌نی سیاده‌ی عێراقه‌وه كه‌من له‌و بڕوایه‌دام ئێمه داواش بكه‌ین عێراق ڕازی نابێت".
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه "هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌دا خودی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به ڕوونی و ئاشكرایی وتی، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان بچنه ده‌ر ده‌بێت له‌هه‌موو عێراق به‌هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه بچنه ده‌ره‌وه".
روونیشیكرده‌وه كه "به‌ڵام لێره‌دا شتێك هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له عێراق له ده‌رگاوه بچێته ده‌ره‌وه له په‌نجه‌ره‌وه دێته‌وه ژووره‌وه له‌به‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی پێشتر هه‌یبوو له‌گه‌ڵ عێراق، هه‌روه‌ها ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌و تیمه‌ی ناتۆدا هه‌یه كه ئێستا له‌به‌غدان و باره‌گایان هه‌یه".
له به‌شێكی تری لێدوانه‌كه‌یدا جه‌بار یاوه‌ر ده‌ڵێت: "ئێمه ده‌بێت بزانین و تێبگه‌ین بوونی ئه‌مریكا له عێراق و ناوچه‌كه له‌به‌رچاوی جوانی كورد و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد نییه، به‌ڵكو له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی خۆیه‌تی له ناوچه‌كه، ئه‌مریكا به‌ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق هاتووه و به‌ڕێككه‌وتنیش له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق ده‌ڕوات، ڕاسته ئێمه مافی خۆمانه وه‌ك كورد داوای گه‌ره‌نتی پاراستنمان بكه‌ین".
جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه "ئه‌وه‌ی له‌م كاته‌دا گه‌ره‌نتی مانه‌وه و پاراستنی كورد ده‌كات، یه‌كه‌م، وه‌لاخستنی ناكۆكیه ناوخۆییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی، دووه‌م، ئاماده‌كردنی په‌یماننامه یا پڕۆژه‌یه‌كی نیشتمانی له‌نێوان هه‌موو لایه‌نه سیاسیه ناوخۆییه‌كان بۆچۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌م قۆناغه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بینه لایه‌ن له هیچ كام له‌و دووبه‌ره ڕانه‌گه‌یه‌نراوه".
ئه‌مینداری پێشووی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه هۆشداریشی دا له‌وه‌ی "ئه‌گه‌ر كورد بووه لایه‌ن له‌و ململانێیه‌ی ئێستا هه‌یه له ناوچه‌كه ئه‌وه به‌دڵنیایی له‌ناو ده‌چین".
راشیگه‌یاند كه "ئه‌و خاڵانه گه‌ره‌نتی پاراستنی كورد ده‌كات نه‌ك ئه‌وه‌ی خۆمان هه‌ڵواسین به ئه‌مریكا، یا ئێران یا توركیادا".
PM:06:39:12/02/2024
ئه‌م بابه‌ته 1740
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت