میدیای یه‌كگرتوو پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانی راده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێم كرده‌وه‌


وێستگه‌نیوزـ

میدیای یه‌كگرتوو له‌ زاری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی یه‌كی حزبه‌كه‌ی له‌ سلێمانی رایگه‌یاند، پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانییان راده‌ستی حكومه‌تی "كاربه‌رێكه‌ر"ی هه‌رێم كردووه‌ته‌وه‌.

خه‌لیل سلێمان، بەرپرسی مەڵبەندی یەكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بە ماڵپه‌ری كوردیو میدیای فه‌رمی حزبه‌كه‌یانی راگەیاندووه‌: "بەلەبەرچاوگرتنی دۆخی هەرێم و رەوشی كارەبا یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان پۆستی بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی رادەستی حكومەت كردەوە و یەكگرتووەكان لەهەر جێگە و پۆست و پلەیەك بن تایبەتمەندی خۆیان هەبوە و سەربەرزیان بۆ ئێمە تۆماركردووە".

وتیشی: "بەرێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی كە لەپشكی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بووە، ماوەی نۆ ساڵە بە یاسا و ئیدارە خزمەت دەكات و بەپاكی و راستی خزمەتی خەڵكیان كردووه‌، ئەوەش جێگای شانازی و دەستخۆشییە بۆ یەكگرتووەكان".

به‌پێی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی، پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانی درایه‌ یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان و ئه‌و حزبه‌ش سالار حیسامه‌دین_ی له‌و پۆسته‌ دانا.


PM:02:05:12/02/2024


ئه‌م بابه‌ته 1108 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت