بافڵ تاڵه‌بانی بۆ 3 به‌رپرسی‌ حزبه‌كه‌ی‌: هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی خزمه‌تكردن و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی داوا ره‌واكانی هاوڵاتیانتان هه‌یه‌


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌موو پشتیوانییه‌كی‌ بۆ سێ‌ به‌رپرسی‌ حزبه‌كه‌ی‌ ده‌ربڕی‌ و پێی‌ راگه‌یاندن كه‌ "هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی خزمه‌تكردن و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی داوا ره‌واكانی هاوڵاتیانتان هه‌یه‌.


به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ ده‌باشان له‌گه‌ڵ زیاد شه‌هید جه‌بار، لێپرسراوی نوێی مه‌ڵبه‌ندی سلێمانی و سالار مه‌حمود، لێپرسراوی نوێی مه‌ڵبه‌ندی گه‌رمیان و عومه‌ری حاجی ئه‌حمه‌د، لێپرسراوی نوێی مه‌ڵبه‌ندی شاره‌زوور كۆبووه‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "‏‎‏‎له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی وێڕای پیرۆزبایی و ده‌ربڕینی هه‌موو پشتیوانییه‌ك، هیواشی خواست به‌ ئه‌وپه‌ڕی دڵسۆزییه‌وه‌ خزمه‌تی خه‌ڵك بكه‌ن و هه‌موو هه‌وڵه‌كانیان له‌پێناو چاكه‌ی گشتیدا بێت".

‏‎له‌درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی‌ به‌گرنگییه‌وه‌ باسی رۆڵ و پێگه‌ی سلێمانی، گه‌رمیان و شاره‌زووری كرد بۆ یه‌كێتی و رایگه‌یاند كه‌ "مێژووی گه‌ش و دره‌وشاوه‌ی یه‌كێتی په‌یوه‌سته‌ به‌ دڵسۆزی و خۆڕاگریی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی ئه‌و ناوچانه‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌مه‌ودوا به‌ میكانیزمێكی نوێ و گونجاوتره‌وه‌ خزمه‌تی ئه‌و سنوورانه‌ بكرێت و هه‌وڵه‌كان بارته‌قای خه‌بات و قوربانیدانی خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی بێت".

‏‎سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ وتیشی: "هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كانی خزمه‌تكردن و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی داوا ره‌واكانی هاوڵاتیانتان هه‌یه‌، ئه‌ركی ئێوه‌یه‌ جێبه‌جێكاری ئه‌ركه‌كانیان بن و له‌ئاست ئه‌و به‌رپرسیارێتییه‌ گه‌وره‌یه‌دا بن".

‏‎له‌به‌رامبه‌ردا لێپرسراوانی مه‌ڵبه‌نده‌كانی سلێمانی، گه‌رمیان و شاره‌زوور سوپاسی پشتیوانییه‌كانی بافڵ تاڵه‌بانی-یان كرد و دووپاتیانكرده‌وه‌ كه‌ "وه‌ك هه‌میشه‌ و به‌ رۆحێكی به‌رپرسیارانه‌وه‌ له‌خزمه‌تی خه‌ڵك و سیاسه‌تی نوێی یه‌كێتیدا ده‌بن كه‌ خۆی له‌ خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵك و ده‌ستبه‌ركردنی ژیانێكی شایسته‌دا ده‌بینێته‌وه‌".



PM:11:36:26/11/2023


ئه‌م بابه‌ته 7328 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت