به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی مامۆستایان: بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هۆڵه‌كانی‌ خوێندن، به‌شێك له‌ مامۆستایان داوای 2 مووچه‌ ده‌كه‌ن


وێستگه‌نیوز-
به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی مامۆستایانی‌ كوردستان رایگه‌یاند كه‌ مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی ئاماده‌نین به‌بێ وه‌رگرتنی مووچه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن و به‌شێكیان داوای 2 مووچه‌ ده‌كه‌ن.


رۆژی 13-09-2023 ساڵی خوێندنی 2023-2024 له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد و به‌هۆی دابه‌شنه‌كردنی مووچه‌ی مانگه‌كانی ته‌ممووز و ئاب، هه‌ر له‌ یه‌كه‌م رۆژدا به‌شێك له‌ مامۆستایان و وانه‌بێژانی سنووری سلێمانی بایكۆتی هۆڵه‌كانی خوێندنیان كرد و تا ئێستاش به‌رده‌وامن.

عه‌تا ئه‌حمه‌د، جێگری سه‌رۆكی رێكخراوی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان به‌ رووداوی وت: "تائێستا مووچه‌ی یه‌ك مانگیش دابه‌شنه‌كراوه‌ تاوه‌كو مامۆستایان بگه‌ڕێنه‌وه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن، بۆیه‌ بایكۆتی مامۆستایان به‌رده‌وامه‌ و ئاماده‌نین به‌بێ وه‌رگرتنی مووچه‌ ده‌وام بكه‌ن".
 
وتیشی‌: "یه‌كێك له‌ نیگه‌رانییه‌كانمان ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت په‌یوه‌ندییان پێوه‌ نه‌كردووین بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت گوێ له‌ داواكارییه‌كانمان بگرن. كه‌س له‌گه‌ڵمان كۆنه‌بووه‌ته‌وه‌ و هیچمان پێنه‌گوتراوه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی‌ حكومه‌ت وایكردووه‌ كه‌ مامۆستایان بڵێن به‌بێ وه‌رگرتنی مووچه‌ ناگه‌ڕێینه‌وه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن و به‌شێكیشیان داوای دوو مووچه‌ش ده‌كه‌ن".


PM:04:58:22/09/2023


ئه‌م بابه‌ته 11400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت