ڕۆیته‌رز: ئایینده‌ی عێراق گه‌شبینانه‌یه
وێستگه‌نیوز-
ئاژانسی هه‌واڵی ڕۆیته‌رز، له ڕاپۆرتێكدا به‌ناونیشانی "نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی به‌غداد كه‌وتۆته سه‌رپێ له‌گه‌ڵ هه‌ڵایسانی گه‌شبینییه‌كی له‌رزۆك"؛ ئاماژه‌ی به هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی به‌غدادی پایته‌خت و ته‌واوی پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق كردووه كه محه‌ممه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق سه‌ركردایه‌تیی ده‌كات، كه ئاژانسه‌كه به "هه‌ڵمه‌تێكی بێوێنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه" وه‌سفی ده‌كات به‌تایبه‌تیی له به‌غدادی پایته‌خت و هه‌موو عێراق به‌گشتیی، جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه دۆخی عێراق به‌ره‌و بووژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاو هه‌نگاوی ناوه و "هه‌نووكه ڕوانینه عێراق گه‌شبینانه‌یه".
ئه‌و ئاژانسه له‌میانه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌یدا كه دوێنێ بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه چه‌ندان ناوچه‌ی پایته‌خت كه پێشتر "وێرانه" بوون و كه‌مترین خزمه‌تگوزارییان پێ گه‌یشتووه؛ ئێستا له‌ژێر هه‌ڵمه‌تێكی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گه‌وره‌دان كه حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات.
ڕۆیته‌رز؛ (مه‌دینه سه‌در) به‌نموونه ده‌هێنێته‌وه كه به‌پێی وه‌سفی ئه‌و یه‌كێك له په‌راوێزخراوترین و خراپترین ناوچه‌كانی عێراق بوو، ئێستا له‌گه‌رمه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی گه‌وره‌دایه به چه‌ندان خزمه‌تگوزاریی "ئێستا دانیشتووانی مه‌دینه سه‌در ئاوی سازگاریان هه‌یه و ڕێگه‌ی قیرتاوكراو و ڕێك‌وپێك و چه‌ندان خزمه‌تگوزاریی بێپێشینه‌ی دیكه‌یان بۆ دابین كراوه".
ئاژانسه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه داوه ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه كه خودی سه‌رۆك وه‌زیران خۆی سه‌رپه‌رشتیی و چاودێریی ده‌كات، جیاوازه له هه‌موو هه‌وڵه‌كانی پێشوو ئه‌ویش به‌وه‌ی: "خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی خێرا و ده‌سبه‌جێ پێشكه‌ش ده‌كرێن كه هاوڵاتییان زۆر زوو هه‌ست به شوێنه‌واره‌كه‌ی ده‌كه‌ن، كه ئه‌وانیش بریتیین له: قیرتاوكردن، درووستكردنی پرد، چاككردنی شۆسته‌كان، لابردنی زاڵگه و خاڵه‌كانی پشكنین، نه‌هێشتنی كێشه‌كانی هاتوچۆ له پایته‌خت و لابردنی داروپه‌ردووی كه‌لاوه و بینا ڕووخاوه‌كان و سه‌رله‌نوێ بیناكردنه‌وه‌یان".
هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌كه به‌ته‌نیا له‌م بوارانه‌دا قه‌تیس نه‌بوون، وه‌كو ڕۆیته‌رز ئاماژه‌ی پێ ده‌دا، له‌وكاته‌وه‌ی سودانی بووه به سه‌رۆك وه‌زیران، كه‌رتی وزه "باشبوونێكی گه‌وره"ی به‌خۆوه بینوه، به وته‌ی ئاژانسه‌كه، هاوڵاتییانی عێراقی هه‌ر له مانگی پێنجی هه‌موو ساڵێكه‌وه خۆیان له‌گه‌ڵ بڕانی به‌رده‌وامی كاره‌بادا ڕاهێنابوو و به‌لایانه‌وه ئاسایی بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنی سودانی ئێستا ئه‌و كاره‌بابڕانه نه‌ماوه.
ئاژانسه‌كه سه‌رباری به‌دواداچوونه مه‌یدانییه‌كانی و بینینی پرۆژه‌كان له نزیكه‌وه، لێدوان و زانیاریی له چه‌ندان هاوڵاتیی عێراقیی وه‌رگرتووه، كه هه‌موویان "گه‌شبینییه‌كی له‌رزۆكیان" بۆ ڕیپۆرته‌ره‌كان ده‌ربڕیوه ده‌رباره‌ی هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌كه، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ترسیان هه‌یه ناكۆكییه سیاسییه به‌رده‌وامه‌كانی پشتپه‌رده ببنه هۆكاری وه‌ستاندنی ئه‌و هه‌ڵمه‌ته گه‌وره‌یه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه و په‌كی بخات.
ڕه‌نگه بۆ هه‌موو چاودێرێكی دۆخی عێراق پرسیار و مایه‌ی سه‌رنج بێت كه هۆكاره‌كانی پشت ئه‌م هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ی ئێستا چیین، هه‌مان پرسیار كه بۆ ڕیپۆرته‌رانی ڕۆیته‌رزیش جێی سه‌رنج بووه، بۆ ده‌ستكه‌وتنی وه‌ڵامیش پرسیاره‌كه‌یان ئاراسته‌ی سه‌ججاد جیاد، توێژه‌ر له (په‌یمانگه‌ی سێنتری فاوه‌نده‌یشن)ـی ئه‌مریكی كردووه، ئه‌و توێژه‌ره‌ش ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه داهاتی زه‌به‌لاحی نه‌وت له چه‌ند مانگی ڕابردوو، له‌پاڵ ویستی سودانی بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی خه‌ڵك بپارێزێت بزوێنه‌ری سه‌ركه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ن، "هه‌ر ئه‌و خاڵه‌ش وای لێ كردووه ته‌ركیز بكاته سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه عێراقییه‌كان ده‌سبه‌جێ هه‌ست به كاریگه‌رییه‌كانی ده‌كه‌ن له‌بری ئه‌وه‌ی خۆی به پرۆژه‌گه‌لێكه‌وه سه‌رقاڵ بكات كه دوای ده ساڵی دیكه سوودیان پێ ده‌گه‌یه‌نێت".
سه‌ججاد به ڕۆیته‌رزی وتووه: "سودانی ده‌یه‌وێت وه‌كو پیاوێك كه خاوه‌نی قسه‌ی خۆیه‌تی له چاوی عێراقییه‌كاندا ببینرێت"، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی داوه به‌وه‌ی "سودانی كۆشش ده‌كات له‌بری ئه‌وه‌ی له ڕاییكردن و ڕاپه‌ڕاندنی كاره‌كانیدا پشت به نوخبه‌یه‌كی هێزه سیاسییه‌كان ببه‌ستێت پاڵپشتیی و پشتگیریی جه‌ماوه‌ریی بۆ خۆی مسۆگه‌ر بكات".
ڕۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه كه ئێستا ڕوانینه‌كان بۆ عێراق له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه "گه‌شبینانه"ن، ئه‌وه‌ش به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ی هه‌نووكه زۆر به‌خێرایی ده‌چێته پێش، هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌وه‌ش كردۆته‌وه نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك شوێنی كه‌ناری ڕووباری دیجله كه بۆ یه‌كه‌مجاره وێنه‌یه‌كی دیكه‌ی عێراق پیشان ده‌دات، وای كردووه ویستێكی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌بێت بۆ به‌شدارییكردن له هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و زه‌قترین نموونه‌ی ئه‌و ئیراده نێوده‌وڵه‌تییه‌ش سه‌ردانی ئانا هیداڵگۆ، پارێزگاری پاریس بوو بۆ به‌غداد كه ده‌سپێشخه‌ریی كرد بۆ هاوكارییكردنی عێراق له‌و هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌دا، ئه‌وه‌ش به وته‌ی ڕۆیته‌رز "یه‌كێك بوو له ده‌ره‌نجامه ڕاسته‌وخۆكانی جددییه‌تی حكوومه‌ته‌كه‌ی سوودانی له جێبه‌جێكردنی هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئێستایدا".
ڕۆیته‌رز له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه دوای ساڵانێكی زۆر له جه‌نگ و وێرانكاریی، ژیانێكی ئاسایی و گه‌شبینانه بۆ به‌غدادی پایته‌خت گه‌ڕاوه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها به پشتبه‌ستن به زانیارییه‌كانی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ پارێزگاری پاریس و عه‌ممار مو‌سا كازم، پارێزگاری به‌غدا؛ ئاماژه‌ی داوه به‌وه‌ی ئه‌م هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌ی ئێستا به‌شێكه له‌و بودجه‌یه‌ی بۆ به‌غدادی پایته‌خت ته‌رخان كراوه كه نزیكه‌ی 400 ملیۆن دۆلاره و به‌مزووانه ده‌ست ده‌كرێت به خه‌رجكردنی و ده‌بێته گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه له مێژووی عێراقدا.
یه‌كێك له ئاماژه و دیمه‌نه‌كانی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی ژیانی ئاسایی بۆ به‌غداد، ته‌نیا لایه‌نی خزمه‌تگوزاریی و بیناسازیی ناگرێته‌وه، به‌ڵكو له‌پاڵ ئه‌وه‌شدا ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی هونه‌رمه‌ند و ڕۆشنبیر و ئه‌كادیمیی عێراق گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ عێراق و ئه‌وه‌ش وای كردووه جۆرێك له ئومێدی باشبوون و ئایینده‌یه‌كی باشتر له‌ناو كۆی توێژه‌كاندا بێته ئاراوه، به‌و جۆره‌ی ڕۆیته‌رز باسی كردووه.
له‌كۆتایی ڕاپۆرته‌كه‌شیدا ڕۆیته‌رز ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه "گه‌شبینییه له‌رزۆكه‌كه" وای كردووه حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی ته‌ركیزی هه‌ره‌گه‌وره‌ی له‌سه‌ر خزمه‌تگوزاری بێت.
PM:02:23:19/05/2023
ئه‌م بابه‌ته 960
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت