خوێندكارانی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كی هه‌ولێر به‌هۆی نه‌بونی خزمه‌تگوزاری خۆپیشادانیان كرد


وێستگه‌ نیوزـ

ئێوارەی ئەمڕۆ سەرجەم خوێندکارانی بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین لە شاری هەولێر بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری سەرەتایی و نەبوونی نەوت و دەرماڵە و خواردن خۆپیشاندانیان سازکرد و رێگای سەرەکی نێوان هەولێر – کەرکوکیان داخست.

خوێندكارێك راگەیاند، ماوەی یەک هەفتەیە ئاوی گەرمیان نیە و ئاوەکەیان پیسە و بۆ خواردنەوە نابێت و هیچ ئامرازێکی گەرمکەرەوەیان نیە و لە کاتی سەعیکردندا بە بەتانی خۆیان گەرمدەکەنەوە.

له‌ خۆپیشاندانه‌كاندا خوێندکاران داوای پێداچوونەوە بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و چاککردنی ئەو کەم و کوڕییانە دەکەن کە لەبەشە ناوخۆییەکەیاندا هەیە وەک نەبوونی نەوت و دەرماڵە و خواردن بۆ خوێندکاران.

دوای ده‌ربڕینی ئه‌و ناڕه‌زاییانه‌، هه‌ریه‌ك له‌ سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین و پارێزگاری هەولێر سەردانیان کردن و بەڵێنیان پێدان سەرجەم پێداویستییەکانیان بۆ دابین بکەن.

بەشی راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین لە شاری هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەداوە كه‌ سه‌رۆكی زانكۆ و پاریزگار بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خوێندكارانیان داوه‌.

لە وەڵامی ئەو قسانەی پارێزگاردا خوێندكارێك هاواری كرد "كردار شەرتە كردار" ئومێد خۆشناویش وەڵامی دایەوەو پێی وت "ئێرە هەولێرە قسەو كرداری یەكە".


PM:10:32:03/12/2022


ئه‌م بابه‌ته 3016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو