وەزارەتی پەروەردە: هەموو ئەو ناوەندانەی LPG بەکاردەهێنن پێویستە کارکردن پێی رابگرن


وێستگەنیوز_

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەموو ئەو ناوەندانەی خوێندنی ناحکومی غازی LPG بەکاردەهێنن پێویستە کارکردن پێی رابگرن تا دڵنیابوونەوە لە کوالێتی غازەکە و سەلامەتی پاکێجی ئامێرەکان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گشتاندنێکی بڵاوکردەوە لە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەراتییە گشتییەکانی پارێزگاکانی هەرێم و ئیدارە سەربەخۆکانی کردووە لەبارەی رێکارەکانی پاراستنی سەلامەتی لە ناوەندەکانی خوێندن.

لە گشتاندنەکەدا هاتووە، پێویستە هەموو ئەو ناوەندانەی خوێندنی ناحکومی غازی LPG بەکاردەهێنن کارکردن پێی رابگرن تا دڵنیابوونەوە لە کوالێتی غازەکە و سەلامەتی پاکێجی ئامێرەکان.

ئاماژە بەوەشکراوە، فرۆشگاکانی ناوەندی خوێندنی ناحکومی رێگەپێدراونین سیستمی غازی LPG بەکاربهێنن بۆ ئامادەکردنی خواردن.

هەروەها، فرۆشگاکانی ناوەندی خوێندنی حکومی و ناحکومی نابێت غازی شل لە ناو ژووری فرۆشگاکان دابنێن، بەڵکو دەبێت لە دەرەوەبێت و لە دووری ژوری بەرێوەبەر و مامۆستایان و فەرمانبەران و پۆلەکان بێت.

لەبەشێکی دیکەدا هاتووە، لە چواردەوری هەر ناوەندێکی خوێندن هەرماڵێک یان شوێنێک غازی LPG بەکاردەهێنێت، پێویستە پشکنینی سەلەماتی بۆ بکرێت، جا ئەو شوێنە سەربە کەرتی تایبەت بێت یان حکومی.

لەبارەی بەکارهێنانی بەنزینەوە، "ئەگەر لەناو ناوەندەکانی خوێندندا مۆلیدە بەکاربهێنرێت کە بە بەنزین کاردەکات دەبێت لە شوێنی دوور لە ژوورەکانی مامۆستایان وفەرمانبەران و پۆلەکان دابنرێت و هەر شوێنێکی کەرتی تایبەت یان گشتی بەنزین بەکاردەهێنن پێویستە لە رێگەی لیژنەکانی قائیمقامییەتەوە ئاگاداربکرێنەوە لە سەلامەتی بەکارهێنانیان."

دەشڵێت، پێویستە عەمبارکردنی نەوت لەشوێنێکدا بێت لەناو خوێندنگەکاندا کە دووربێت لە ژووری مامۆستایان و فەرمانبەران و پۆلەکان و خوێندکاران.




PM:05:08:24/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت