عێراق لە داهاتوودا بەشەخۆراکی ئەو کەسانە دەبڕێت کە چوونەتە دەرەوەی وڵات


وێستگەنیوز-

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند بەنیازە بەشەخۆراکی مانگانەی پێنج ملیۆن هاوڵاتی ببڕێت کە چوونەتە دەرەوەی عێراق.
  
ستار جابری، بریکاری ئیداری وەزارەتی بازرگانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 16-11-2022 بە کەناڵی عێراقییەی راگەیاندووە، وەزارەت هیچ داتابەیسێکی تۆکمە و ڕاستەقینەی نییە کە بتوانرێت لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا پشتی پێ ببەسترێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "وەزارەت بەشەخۆراکی بۆ 40 ملیۆن هاوڵاتی عێراقی دابینکردووە، بەڵام نزیکەی پێنج ملیۆنی لە دەرەوەی وڵات دەژین، هەروەها داتابەیسی مردووان و ئەوانەشی کە پێدانی بەشەخۆراک نایانگرێتەوە بەردەست نییە وەک خاوەن کۆمپانیاکان و ئەوانەی داهاتیان بەرزە دەگەنە ملیۆنان کەس".  

بە وتەی ستار جابری"وەزارەت ناچارە بە دابینکردنی بەشەخۆراک بۆ سەرجەم هاوڵاتیان چونکە هیچ داتابەیسێکی لەبەردەست نییە."  

"نوسراویان بۆ وەزارەتەکانی دەرەوە و کۆچ و کۆچبەران کردووە کە ناوی ئەو کەسانەیان پێ بدات کە لە دەرەوەی عێراق دەژین، بەڵام تائێستا هیچ لیستێکمان پێ نەگەیشتووە." بریکاری ئیداری وەزارەتی بازرگانی وادەڵێت. 


PM:12:46:16/11/2022


ئه‌م بابه‌ته 1720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت