راپۆرتێکی بەریتانی: عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین توندوتیژی بە چەک تێدا ئەنجامدراوە


وێستگەنیوز-

رێکخراوی "بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی لە رێگەی چەک و تەقەمەنی"، کە بنکەی سەرەکی لە بەریتانیایە، راپۆرتێکی لەبارەی تووندوتیژی ئەنجامدراو لە رێگەی چەک و تەقەمەنی لە مانگی ئابدا بڵاوکردەوە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، دوای ئۆکراینا کە جەنگی تێدایە، عێراق و سووریا پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە لەوەی زۆرترین تووندوتیژیی ئەنجامدراویان لە رێگەی چەکەوە تێداکراوە.
 

رێکخراوە بەریتانییەکە باس لەوە دەکات کە لەو ماوەیەدا، لە سەرتاسەری جیهاندا لە 454 رووداوی جیادا، 3 هەزار و 196 کەس کوژراون و بریندار بوون، کە 65٪ لەوانە (2,067 کەس) خەڵکی سڤیل بوون.
 
ئۆکراینا؛ پلەی یەکەم
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لە مانگی ئابدا، 205 کەسی سڤیل بەهۆی رووداوی تەقینەوە و تەقەکردنەوە گیانیان لەدەستداوە و 553 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە 35 منداڵ و 62 ژن لەنێو کوژراو و برینداراندان.
 
عێراق؛ پلەی دووەم
 
بەگوێرەی رێکخراوەکە، عێراق لە پلەی دووەمی ئەو وڵاتانەدا دێت، کە زۆرترین تووندوتیژیی چەکی تێدا ئەنجامدراوە، بەجۆرێک تەنیا لە مانگی ئابدا، 22 رووداوی تەقەکردن و تەقینەوە تۆمارکراون، کە شەش لەو رووداوانە بوونەتە هۆی کوژرانی 32 کەسی سڤیل و برینداربوونی 492 سڤیلی دیکە. هەروەها 28 کەسی دیکە لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە چەکدارەکاندا کوژراون.
 
وەک لەراپۆرەتەکەدا هاتووە؛ کوژراو و بریندارانی سڤیل 90٪ کۆی قوربانیی پێکدادان و تووندوتیژیی چەک و تەقەمەنی لە عێراق پێکدێنن.
 
راپۆرتەکە باس لەوەش دەکات کە 99٪ـی قوربانیانی تووندوتیژیی چەک لە شارەکاندا بوون و تەنیا 1٪ لە گوندەکان بوون.
 
لە سەرتاسەری عێراقدا 443 کوژراو و برینداری سڤیل هەن. راپۆرتەکە ئاماژە بەو شوێنانە دەدات کە ئەو 443 رووداوی کوشتن و بریندارکردنەی تێدا روویانداوە و دەڵێت، زۆرترین رووداوی تەقەکردن و تەقینەوە کە بوونەتە هۆی کوژران و بریندارکردنی خەڵکی سڤیل لە بەغدا روویانداوە، کە ژمارەیان 429 رووداوە.
 
دوای ئەوەش، شاری هەولێر پلەی دووەمی گرتووە کە 5 کەس کوژراون و بریندار بوون، لە نەینەوا 4 کەس، لە دیالە 4 کەس و لە کەرکووکیش کەسێکی سڤیل بەهۆی رووداوی تەقەکردنەوە بوونەتە قوربانی.
 
هۆکارەکان چین؟
 
راپۆرتەکە پۆلێنی ئەو کەسانەشی کردووە کە لە پشت کوژرانی خەڵکی سڤیلەوەن. راپۆرتەکەی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی چەک و تەقەمەنی باس لە هۆکاری پشت کوژرانی خەڵکی سڤیل دەکات و دەڵێت، 97٪ـی کەسانی سڤیل لەلایەن گرووپ و کەسانی نەناسراوەوە بوونەتە قوربانی، 2٪یان لەلایەن هێزەکانی دەرەوەی حکومەت وەکو داعش و گرووپە چەکدارەکان کوژراون یان بریندارکراون و 1٪ـیش لەلایەن وڵاتانی دەرەوە لە رێگەی بۆردوومانەوە کراونەتە ئامانج. دەشڵێت، 5 کەس بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکەکانی تورکیاوە بوونەتە قوربانی.
 
ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی رێکخراوە بەریتانییەکە، لە مانگی تەممووزدا، 20 کەسی سڤیل کوژراون و لە مانگی حوزەیرانیش 16 کەسی سڤیل کوژراون.
 
سووریا؛ پلەی سێیەم
 
بەگوێرەی رێکخراوەکە، سووریا لە پلەی سێیەمی ئەو وڵاتانەدا دێت کە زۆرترین تووندوتیژیی چەکی تێدا ئەنجامدراوە، بەجۆرێک تەنیا لە مانگی ئابدا، 70 رووداوی تەقەکردن و تەقینەوە تۆمارکراون، کە 35 لەو رووداوانە بوونەتە هۆی کوژرانی 37 کەسی سڤیل و برینداربوونی 133 سڤیلی دیکە.
 
دەشڵێت، 64 کەسی دیکە لە رووبەڕووبوونەوەی هێزە چەکدارەکاندا کوژراون. بەوەش، وەکو رێکخراوەکە دەڵێت، کوژراو و بریندارانی سڤیل 59٪ کۆی قوربانیی پێکدادان و تووندوتیژیی چەک و تەقەمەنی لە سووریا پێکدێنن.
 
لە سەرتاسەری سووریا 107 کوژراو و برینداری سڤیل هەن. راپۆرتەکە ئاماژە بەو شوێنانە دەدات کە ئەو 107 رووداوی کوشتن و بریندارکردنەی تێدا روویانداوە و دەڵێت، زۆرترین رووداوی تەقەکردن و تەقینەوە کە بوونەتە هۆی کوژران و بریندارکردنی خەڵکی سڤیل لە شاری حەلەب روویانداوە، کە ژمارەیان 85 رووداوە.
 
دوای ئەوەش پارێزگای حەسەکە پلەی دووەمی گرتووە کە 38 کەس بوونەتە قوربانی، لە دەرعا 15 کەس، لە حەما 14 کەس، لە ئیدلیب 12 کەس، لە سوەیدا 3 کەس، لە قونەیتەرە 2 کەس و رەققەش کەسێکی سڤیل بەهۆی رووداوی تەقەکردنەوە گیانیان لەدەستداوە یان بریندار بوون.
 
هۆکارەکان چین؟
 
راپۆرتەکە پۆلێنی ئەو کەسانەشی کردووە کە لە پشت کوژرانی خەڵکی سڤیلەوەن. راپۆرتەکەی رێکخراوی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی چەک و تەقەمەنی باس لە هۆکاری پشت کوژرانی خەڵکی سڤیل دەکات و دەڵێت 92٪ـی کەسانی سڤیل لەلایەن هێزەکانی سەر بە حکومەتەکانەوە بوونەتە قوربانی، کە ژمارەیان 156 کەسە، بەمشێوەیە: سووریا 70 کەس، تورکیا 66 کەس، ئیسرائیل 16 کەس، رووسیا 2 کەس. جگە لەوەش 6٪یان لەلایەن هێزەکانی دەرەوەی حکومەت وەکو داعش و گرووپە چەکدارەکان کوژراون یان بریندارکراون. هاوکات، گرووپ و کەسانی نەناسراو بوونەتە هۆی کوشتن و بریندارکردنی 2٪ لەو خەڵکە سڤیلە.
 
ئەوەش لەکاتێکدایە بەگوێرەی رێکخراوە بەریتانییەکە لە مانگی تەممووزدا، 33 کەسی سڤیل کوژراون حوزەیرانیش 29 کەسی سڤیل کوژراون.

 
لە رووداوەوە وەرگیراوە


PM:05:22:26/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 1096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت