عێراق پێشنیازى کۆمپانیایەکى هاوبەش دەخاتە بەردەم لوبنان


وێستگەنیوز-

وەزارەتى کشتوکاڵی عێراق پێشنیازێک دەخاتە بەردەم هاوتا لوبنانییەکەى، بۆ ئەوەى کۆمپانیایەکى هاوبەشی نێوانیان پێکبهێنن بۆ ئاسانکاریی ئاڵوگۆڕى بازرگانی نێوانیان.
 
حەمید نایف، وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق رایگەیاند، وەزارەتى کشتوکاڵ پێشنیازى بۆ وەزارەتى کشتوکاڵى لوبنان کردووە، کۆمپانیایەکى هاوبەشى عێراقى - لوبنانى دروستبکرێت بۆ ئاسانکاریى گواستنەوەى بەرهەم و بەروبوومەکانى نێوانیان و دابەشکردنیان بەسەر بازرگانان، بۆ رێگرى لە دروستبوونى کێشە و ئاستەنگەکان بۆ مامەڵە بانکییەکان و پارەى ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە لەنێوان هەردوو وڵاتدا.
 
ئەو پێشنیازە لە کۆبوونەوەیەکدا خراوەتە بەردەم لایەنى لوبنانى، کە لە 22ى ئەیلوولى 2022 لە بەیرووتى پایتەخت لە نێوان محەممەد خەفاجى، وەزیرى کشتوکاڵى عێراق و نوێنەرى ژوورە بازرگانییەکانى عێراق لەگەڵ عەباس حاج حەسەن، وەزیرى کشتوکاڵى لوبنان ئەنجامدرا.
 
وتەبێژى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقى رایگەیاند: کۆبوونەوەی دیکە لەسەر ئەو پێشنیازە دەکرێت، بەمەبەستى گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایی.
 
قەبارەى ئاڵوگۆڕى بازرگانیی نێوان عێراق و لوبنان ساڵانە زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلارە، عێراق بەروبوومى کشتوکاڵى لە لوبنانەوە هاوردە دەکات و سووتەمەنی تایبەت بە کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا بۆ ئەو وڵاتە هەناردە دەکات.
  
ئەوە لەکاتێدایە بڕیارە 25ى ئەیلوول وەزیرانى کشتوکاڵى عێراق، سووریا، لوبنان و ئوردن لە عەمانى پایتەختی ئوردن کۆببنەوە، بۆ رێککەوتن لەبارەى هەناردە و هاوردەى بەروبوومى کشتوکاڵى و پەلەوەرى نێوانیان.
 
24ى ئەیلوول محەممەد خەفاجى، وەزیرى کشتوکاڵى عێراق گەیشتە عەمانى پایتەختى ئوردن بەمەبەستى بەشداریکردن لەو کۆبوونەوەیەدا.  

سەرچاوە: رووداو


PM:03:48:24/09/2022


ئه‌م بابه‌ته 652 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت