دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراکی هەڵوەشاندەوە


وێستگەنیوز_

پاش ئەوەی باسم خەشان، پەرلەمانتاری سەربەخۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سکاڵای یاسایی تۆمارکرد، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراکی هەڵوەشاندەوە کە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرابوو، ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق-ش جەختی کردووەتەوە کە حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە و ناتوانێت هیچ پڕۆژەیاسایەک بۆ پەرلەمان بنێرێت.

ئەمرۆ یەکشەممە، 15ی ئایاری 2022، دادگەی باڵای فیدراڵی عیراق بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک کە ماوەیەکە کاری لەسەر دەکات و بڕیاربوو لە چەند رۆژی داهاتوودا دەنگی لەسەر بدرێت و پەسندبکرێت.

لەو بارەیەوە ئەندامێکی پەرلەمانی عیراق ئاماژەی بەوە کردووە، "حکومەتی ئیستا کاربەڕێکەرە و ناتوانێت پڕۆژە یاسا بنێرێتە پەرلەمان، بەتایبەت ئەگەر بابەتەکە پەیوەستی بە داراییەوە هەبێت، ئەگەر حکومەت بیتوانیایە، لە بری ئەو پرۆژە یاسایە، بودجەی ئەمساڵی دەناردە پەرلەمان."

پڕۆژە یاسای پشتیوانی ئاسایشی خۆراک کە قەبارەی 25 تریلیۆن دینارە، حکومەتی عێراق داوا دەکات سەرپشک بکرێت بۆ وەرگرتنی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی، لەگەڵ خەرجکردنی داهاتی زیادەی نەوتی خاو بۆ دابینکردنی بەشەخۆراکی مانگانە و کڕینی گەنم و چەڵتووک و پێدانی شایستەی جووتیاران و کەمکردنەوەی هەژاری، هەروەها بۆ بەردەوامیدان بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و دانەوەی قەرز و کڕینی وزە.

پڕۆژەیاساکە لە 10 ماددە پێکهاتووە و 35%ی ئەو پارەیە بۆ کۆبۆنى خۆراک و شایستەى دارایی بۆ کڕینەوەى بەرهەمى جووتیاران و شایستەى ساڵانى رابردوو دیاریکراوە، هاوکات 35%ی دیکەی تەرخانکراوە بۆ پڕۆژە تەواونەکراوەکانى چوارچێوەى بودجەى وەبەرهێنان.


PM:03:47:15/05/2022


ئه‌م بابه‌ته 3544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت