قوباد تاڵه‌بانی: زیندان شوێنی رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكاران نییه‌

‌قوباد تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان

وێستگه‌ نیوز ـ

قوباد تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان رایگه‌یاند، زیندان شوێنی رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكاران نییه‌، به‌ڵكو شوێنی تاوانبارانه‌، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سزادانی ئۆمێد به‌روشكی به‌ سزادانی بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ.



ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 23ی ئه‌یلوول، بەتۆمەتی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی پۆستی فەیسبوک لەسەر پۆلیس و پارێزگاری دھۆک، رۆژنامەنووس ئومێد بەڕوشکی بە سزای ساڵێک زیندانیکردن حکومدرا.

تیمی کوردستانی عیراقی CPT، رایگه‌یاند: لە 22ی حوزەیراندا، ئومێد به‌ڕوشكی بەھەمان تۆمەت سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێندرا و لە ئێستاشدا چاوەڕێی دانیشتنی دادگاییکردنی سێیەمی دەکات کە بڕیاروایە لە 12ی تشرینی یەکەمدا بەڕێوەبچێت و تۆمەتبارکراوە بە سیخوڕیکردن و ئەنجامدانی کاری تێکدەران.

قوباد تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ بۆ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ ئاكرێیه‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ هه‌واڵی سزادانی رۆژنامه‌نووسێكیان بیست له‌ دهۆك، ئێمه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك دژی سزادانی رۆژنامه‌نووسانین".

وتیشی: "زیندان شوێنی رۆژنامه‌نووسان و راگه‌یاندنكاران نییه‌، به‌ڵكو شوێنی تاوانبارانه‌".

قوباد تاڵه‌بانی باسی له‌وه‌شكرد: راگه‌یاندنكارێك كه‌ رای خۆی ده‌رده‌بڕێت و ده‌یه‌وێت گله‌ییه‌ك بكات، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هۆكارێك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی راگه‌یاندنكار سزا بدرێت و زیندانی بكرێت.

قوباد تاڵه‌بانی وتیشی: "ئه‌مه‌ خراپ به‌كارهێنانی دادگایه‌، من به‌هه‌موو پێگه‌كانمه‌وه‌ به‌ حكومی و حزبی و كه‌سایه‌تیه‌كه‌مه‌وه‌ دژی ده‌وه‌ستمه‌وه‌".

سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد: "ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌هێزبین و هێزه‌ ئازادی خوازه‌كان به‌هێزبن، ده‌توانرێت رێگری له‌م جۆره‌ كارانه‌ بكه‌ن كه‌ دژی ئازادی راده‌ربڕین ده‌كرێت".
 


PM:03:02:23/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 2844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو