دادگای سلێمانی لەسەر کەیسی د. میران روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە


وێستگە نیوز_

دادگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا، دەڵێت، لە چەند كە‌ناڵێكی راگەیاندن هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە گوایە دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیردنی د میران محە‌ممە‌دی هەڵوەشاندوەتەوە، دادگاکە دەشڵێت،"تۆمەتەكان ڕەت نەكراونە‌تە‌وە، بەڵام دۆسیەکە دانەخراوە".


 لە روونکردنەوەیەکدا، ئەمرۆ سێشەممە 14ی ئەیلوول. سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی ئاماژە بەوەشدەکات، "یاسا لەسەرووی هەموو لایەكە و دادگا ئیجرائاتی یاسایی خۆی دەكات بەبێ گوێدانە پلە و پایەی لایەنەكانی داوا".
 
هەروەها ئەوەی خستۆتەڕوو، " دادگا لەبڕیارەكانیدا سەربەخۆیی تەواوی هەیە و بەپێی یاسا و بەگوێرەی ئەو سكاڵا و بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی كار دەكات و لەسەر داوای هیچ كەسێك و لەخۆڕا دۆسیە ناكاتەوە و دۆسیە داناخات".

روونکردنەوەکەی دادگای سلێمانی لە کاتێکدایە، ئەمرۆ ئازاد ره‌شید، پارێزه‌ری د. میران محه‌مه‌د، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی به‌ وێستگه‌ نیوزی راگه‌یاند، "پێشتر كه‌ د. میران به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی بوو، له‌سه‌ر كه‌یسێكی گه‌نده‌ڵی فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ ده‌رچوو، به‌ڵام به‌هۆی لاوازی كه‌یسه‌كه‌ و نه‌بوونی به‌ڵگه‌ له‌سه‌ری، ئه‌و فه‌رمانه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌".

وتیشی، "ئێستاش كه‌ د. میران له‌و پۆسته‌ نه‌ماوه‌، دادگای ته‌ممیزی سلێمانی و دادگای نه‌زاهه‌ی سلێمانی به‌هۆی ئه‌وه‌ی د. میران هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌و پۆسته‌ی پێشووی نه‌ماوه‌، دۆسیه‌كه‌ی داخست و تۆمه‌ته‌كانی له‌سه‌رهه‌ڵگرت".

دەقی روونکردنەوەکە/

روونكردنەوەیەك بۆ رای گشتی ..

لە چەند كە‌ناڵێكی راگەیاندن هەواڵێك بڵاو كراوەتەوە گوایە دادگای تەمیز فەرمانی دەستگیردنی د میران محە‌ممە‌دی هەڵوەشاندوەتەوە و تۆمەتەكانی رەتكردووەتەوە، بەپێویستمان زانی ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بۆ بەرچاوڕوونی هەموو لایەك بخەینەڕوو:
١) تۆمەتەكان رەت نەكراونە‌تە‌وە  و دۆسییە‌كە‌ بە‌ ھیچ شێوە‌یە‌ك دانە‌خراوە و گە‌ڕێندراوە‌تە‌وە‌ بۆ دادگای دە‌ستپاكی بۆتە‌واو كردنی رێكارە‌ یاساییە‌كان.
٢- دادگا لەبڕیارەكانیدا سەربەخۆیی تەواوی هەیە و بەپێی یاسا و بەگوێرەی ئەو سكاڵا و بەڵگانەی دەخرێتە بەردەستی كار دەكات و لەسەر داوای هیچ كەسێك و لەخۆڕا دۆسیە ناكاتەوە و دۆسیە داناخات.
٣) یاسا لەسەرووی هەموو لایەكە و دادگا ئیجرائاتی یاسایی خۆی دەكات بەبێ گوێدانە پلە و پایەی لایەنەكانی داوا.

سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی
٢٠٢١/٩/١٤


PM:09:16:14/09/2021


ئه‌م بابه‌ته 3120 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت