حكومەتی هەرێم بۆ حاكم زاملی: لێدوانەكانت خۆدزینەوەن لە بەرپرسیارێتی

‌حاكم زاملی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق

وێستگە نیوز- 

حكومەتی هەرێمی كوردستان وەڵامی پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق دەداتەوە كە وتبووی، هێڵێكی تیرۆریستی لە توركیاوە درێژ دەبێتەوە بە هەولێر و پاشان كەركووك و بەرەو دیالە تێپەڕ دەبێت و لە وەڵامەكەدا جەخت لەوە كراوەتەوە، ئەم جۆرە لێدوانانە تەنیا خۆ دزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر كەموكورییەكانی دۆخی ئاسایشی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، پەرلەمانتارێكی پێشووی عێراق بە ناوی حاكم زاملی لە میدیاكاندا تۆمەتێكی كوێرانەی خستووەتە پاڵ هەرێمی كوردستان، كە گوایە هێڵێكی تیرۆریستی لە توركیاوە درێژ دەبێتەوە بە هەولێر و پاشان كەركووك و بەرەو دیالە تێپەڕ دەبێت.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ''وەك حكومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای دەربڕینی نیگەرانیمان لەم جۆرە لێدوانانە، كە نەك هیچ سوودێكیان نییە بەڵكو هۆكاریشن بۆ لێك دوركەوتنەوە و نەمانی متمانەی لایەنە عێراقییەكان، وەبیر هەموو لایەك دەهێنینەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە لە ریزی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بووە و  لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هێزی پێشمەرگە بەردەوامە لە بەرگریكردن لە خاكی نیشتمان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان و بە هەزاران كەسی قارەمانمان لە پێناو پاراستن و ئاسایشی كوردستان و عێراق، شەهید و بریندار بوون.''

فەرمانگەكە جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەم جۆرە لێدوانانە تەنیا خۆ دزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر كەموكورییەكانی دۆخی ئاسایشی ناوچەكانی دیكەی عێراق و باشتر وایە لە جیاتی تۆمەتهەڵبەستن بۆ یەكتری، هەموو لایەك توانا و كۆششیان یەكخەن لە پێناو ئاسایش و ئارامی و دابین كردنی ژیانێكی شایستە بۆ سەرجەم هاونیشتمانیان.



PM:02:52:04/08/2021


ئه‌م بابه‌ته 1664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو